سەردێڕ:

لە یەک ساڵدا ٢٦٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

فۆتۆ: 
2021-06-25

700 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەنوێترین راپۆرتیدا ئیدانەی رەوشی مافەکانی مرۆڤی لە ئێران کردووە کە رژێمی ئەو وڵاتە بەتوندترین شێوە هەموو رێکارێکی بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی دانیشتوانی ئەو وڵاتە گرتوەتەبەر. دەشڵێت، "تەنها لەساڵی رابردوودا ٢٦٧ کەس لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارەدراون".


لەراپۆرتەکەشدا هاتووە، خراپی دۆخی ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئێران، زیادکردنی فشاری بەردەوامی رژێمەکە لەرووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆکاری سەرەکی زیادبوون و هەڵکشانی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئێرانن.

لەراپۆرتەکەشدا، میشێل باشلیت نوێنەری دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران گەشتوەتە بەرزترین رێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو تاوانانەی کە "مەترسیدارترین تاوانەکان" لەقەڵەم نەدراون. دەشڵێت، تەنها لەساڵی رابردوودا رژێمی ئەو وڵاتە ٢٦٧ کەسی لە سێدارە داوە کە (نۆ)یان ژن بوون و لەو رێژەیەش تەنها ٩١ حاڵەتی لە سێدارەدان بەفەرمی ئاشكراکراون.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، کەمینە ئایینی، نەتەوەیی و کەمینەکانی دیکە زۆرترین پێشێلکاریی و گرتن و رفاندن و لەسێدارەدانیان بەرامبەر دەکرێت. هاوکات، هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بەرامبەر خۆپیشاندەران مامەڵە دەکەن، سەرباری گرتن و فشارخستنەسەر و سزادانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، رۆژنامەنووسان.

لەماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ حوکمڕانی ئێران، هەموو جوڵانەوەیەکی سیاسی و ئایینی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی لەسەر داواکردنی سەرەتایترین مافەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە بە توندترین شێوە سەرکوتکراون و ژمارەیەکی زۆریان راپێچی زیندانەکان کراون و ژمارەیەکیشیان لە سێدارەدراون و چەندین کەسیش چارەنوسیان دیارنییە.