ماڵپەڕی ئێرس سکای بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ کۆتا جار لەم ساڵدا دیاردەی دەرکەوتنی "مانگی نمونەیی" کە بە "مانگی شلیکی" ناسراوە روودەدات و بە رەنگە زێڕینییەکەی دەردەکەوێت، دەشڵێت، "کۆتا جار ئەم دیاردەیە لە سەدەی ٢١دا لە رێکەوتی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٥٢ روودەداتەوە".
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هۆکاری ناونانی دیاردەی دەرکەوتنی مانگ بە شێوەی پڕ بە "مانگی شلیکی"، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی پێگەتیشتنی شلیک لە ئەمریکای باکور کە لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاویندا پێدەگەن و ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی مانگ دەبێت بە پڕی کە لە وەرزی هاویندا بە پڕی چوار جار دەرکەوێت.
ماڵپەڕی ئێرس سکای ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە کۆتا جار دەبێت کە دیاردەی "مانگی نمونەیی" دەبینرێت لە ساڵی ٢٠٢١.
دیاردەی گەردوونی دەرکەوتنی "مانگی نمونەیی" هەر ٣٢ ساڵێک جارێک روودەدات، بەمەش کۆتا جار ئەم دیاردەیە کە لەم سەدەیەی ئێمەدا، سەدەی ٢١، روودەداتەوە لە رێکەوتی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٥٢ دەبێت.
ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە، کۆتاجار کە دیاردەی "مانگی نمونەیی" دەردەکەوێتەوە مانگی بەشێوەی "مانگی سارد" دەردەکەوێت کەتەنها ٤٢٩ هەزار و ٤٥٦ کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوور دەبێت، بەمەش دەبێتە نزیک ترین دووری نێوان مانگ و زەوی لە سەدەی ٢١دا.
مانگی نمونەیی؛ دیاردەیەکی گەردوونیە و لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی مانگ لە نزیکترین خاڵ لە زەوییەوە لەسەر خولگەی خۆی روودەدات و قەبارەکەی بەشێوەی گەورەتر لەو قەبارەیەی بەردەوام دەبینرێت دەردەکەوێت.
لەبنەڕەتدا چەمکی زانستی ئەم دیاردەیە "نزیکبوونەوەی مانگە لە خولگەی زەویی - خۆر"، بەڵام چەمکی "مانگی نمونەیی" چەمکێکی زانستی نییە، بەڵکو چەمکێکی زانستی ئەستێرەناسی نوێیە.
دەرکەوتنی مانگ راستەوخۆ پەیوەندی بە دیاردەی هەڵکشان و داکشانی ئاوەوە هەیە لەسەر زەوی، بەڵام لە ئەفسانەی گەلاندا دەرکەوتنی مانگ بەشێوەی پڕ و بە قەبارەی گەورە نیشانەی روودانی کارەساتی زۆر و زۆربوونی بومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانەکانە، ئەمانەش تەنها تێڕوانین و هیچ بەڵگەیەی زانستی بوونی نیە تا پشتڕاستیان بکاتەوە.
كـ ، ئـ