وەزارەتی دادی ئەمریکا بەتۆمەتی گواستنەوە و دزەپێکردنی زانیاریی هەستیاری بەرگری نەتەوەیی بۆ یارمەتیدانی حکومەتێکی بیانی، سزای ٢٣ ساڵ زیندانیکردنی بۆ مریەم تەها تۆمسۆن دەرکرد.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، مریەم تەها تۆمسۆن کە تەمەنی ٦٢ ساڵانە، هەستاوە بە گواستنەوە زانیاریی هەستیاریی بەرگری نەتەوەیی ئەمریکا بۆ کەسێکی لوبنانی کە پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵیدا هەبووە و بڕوای پێی هەبووە، لەکاتێکدا ئەو کەسە نزیک بووە لە بزوتنەوەی حزبوڵای لوبنانەوە.
دادگای ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا سزاى ٢٣ ساڵ زیندانیکردنى بەسەر مەریەمدا سەپاند، کە وەکو وەرگێڕى سەربازیی لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە تاوەکو ٢٠٢٠ لەگەڵ سوپای ئەمریکا لەعێراق و هەرێمى کوردستان کارى کردووە و بەتۆمەتی دزەپێکردن بە زانیارییە نهێنینەکان لەلایەن دادگایەکی ئەمریکاوە بە ٢٣ ساڵ زیندانی سزادرا.
مریەم تەها تۆمسۆن، لەکۆتایى مانگى ئازاری ئەم ساڵ لەبنکەیەکى سەربازى ئەمەریکا لەهەولێر دەستگیر کرا و دواتریش، دانی بەوەدانا کە زانیارییە نهێنیەکانى داوەتە هاوڵاتیەکى لوبنانى کە بەگوێرەی زانیارییەکان پەیوەندیی لەگەڵ حزبوڵای لوبناندا هەبووە.
بەگوێرەی سروشتی کارەکەی، توانیوەیەتی دەستی بگاتە زانیاریی و دۆسییە نهێنییەکان و مافى لێدوانى هەبووە لەسەر پرسە ئەمنیی و سیاسییەکان، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆئەوەی زانیارییەکان بۆلایەنی سێیەم بگوازێتەوە.
رۆژی ٥ی ئازاری ئەمساڵ، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کەسێکی لوبنانی کە گومان هەیە پەیوەندیی بە حزبوڵای لوبنانەوە هەبێت، وەرگێڕێکی سوپای ئەمریکایان لە هەولێر دەستگیرکردووە.
مریەم تەها تۆمسۆن ژنێکی لوبنانییە و تەمەنی ٦٢ ساڵانە، لە ساڵی ١٩٧٧دا لە زانکۆی عەرەب لە بەیروت خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٩١یشدا لە ئەمریکا خوێندوویەتی. هاوکات، وەکو وەرگێڕ لەگەڵ سوپای ئەمریکادا لە هەریەک لە ئەفغانستان و عێراق کاریکردووە.