پزیشکی تایبەتی عەلی خامنەیی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا خامنەیی یەکەم ژەمی ڤاکسینی "ئێران بەرەکەت"ی دژە کۆرۆنا وەردەگرێت کە پەرەپێدراوی ئێرانە، دەشڵێت، "ڤاکسینەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە."
عەلی رەزا مەرەندی پزیشکی تایبەتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەدا، "خامنەیی دوو مەرجی هەیە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، یەکەم دەبێت نۆرەی خۆی بێت و ئامادەنییە بەشێوەی تایبەت وەری بگرێت، دووەم، دەبێت ڤاکسینەکە پەرەپێدراوی ئێران بێت نەک بیانی."
ئەوەشی خستەڕوو، "کاتێک پێدانی ڤاکسین بە کەسانی سەروو تەمەن ٨٠ ساڵ پەسەندکرا، خامنەیی ئامادەنەبوو ڤاکسینی بیانی وەربگرێت، بەڵکو چاوەرێی کرد تا ڤاکسینی ناوخۆیی پەرەیی پێدەدرێت."
لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئێران دەستی بە پەرەپێدانی ڤاکسینەکەی کرد و لەلایەن عەلی خامنەییەوە، ناوی "کۆڤ ئێران بەرکەت"ی لێنرا، هاوکات، لە مانگی رابردوودا، حکومەتی ئێران دەستیکرد بە دابەشکردن و پێدانی ژەمی یەکەمی ڤاکسینینەکەی لە شاری مەشهەد.
لە ٩ی شوباتی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیانکرد بە پێدانی هەردوو ڤاکسینی "سپۆنتیک"ی روسی و "سینۆفارم"ی چینی، لەهەمانکاتدا، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران هاوردەکردنی ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی و ئیسترازینیکای ئۆکسفۆردی قەدەغەکرد.
كـ. ئـ
ئـ. بـ