بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، فەرمانی زیندانیکردن بۆ محەمەد وەلد عەبدولعەزیز، سەرۆکی پێشووی مۆریتانیا دەرکرا.
دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکە، پاش هێشتنەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە بنکەی پۆلیس، فەرمانی زیندانیکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی مۆریتانیا دەرکرد، تۆمەتەکەش تێوەگلانە لە چەند مەلەفێکی گەندەڵیدا.
میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی محەمەد وەلد عەبدولعەزیز کراون بریتیبوون لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی.
هاوکات فەرمانی زیندانیکردنەکەش لەلایەن وتەبێژی حزبەکەی سەرۆکی پێشووەوە پشتڕاستکرایەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە سەرۆک کۆماری پێشوو فەرمانی مانەوەی ناچاری لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەردا سەپێنرابوو، پێشتریش سێ جار بانگێشتی بنکەی پۆلیس کرابوو بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا.
محەمەد وەلد عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٥٦ لە مۆریتانیا لەدایکبووە و هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بوو و ماوەی سەرۆکایەتیەکەی لەساڵی ٢٠٠٨ تاوەکو ٢٠١٩ بەردەوامە بوو.