لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمەوە، بۆ یەکەمجار دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین نرخەکەی بۆ خوار ٣٠ هەزار دۆلار دابەزی. ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵەکانی حکومەتی چینەوەبوو بۆ رێگری کردنی بانکەکانی لە مامەڵەکردن بەو دراوەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتژمێر ١٢و ٣٠ خولەکی نیوەڕۆ، یەک دراوی بتکۆین بە ٢٩ هەزار و ٨٥٤ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، بەمەش بە رێژەی ٨.٣١% نرخەکەی دابەزی. لەکاتێکدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بتکۆین بۆ ٣٢ هەزار و ٦٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، هاوکات، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە رێژەی ٤% نرخەکەی دابەزیبوو.
ئەم گۆڕانکاریەش بەهۆی ئەو هەڵمەتەوەیە کە حکومەتی چین لە پێناو سنوردارکردنی کانزاکاری کردن لە دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین دەستی پێکردووە، کە ئەو وڵاتە پلەی یەکەمی گرتووە لە ریزبەندی جیهانی لە کانزاکاری کردن و پاراستنی بتکۆین بەشێوەیەک بەرێژەی ٦٥% پرۆسەکە لەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت.
هەر ئەمڕۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی ئیسریۆم و دۆجکۆین بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکانیان دابەزین، بەشێوەیەک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە رێژەی ١٠.٤٢% نرخەکانیان لە دەستدا و بە بەهای یەک ترلیۆن و ٣٢ ملیۆن دۆلار مامەڵەیان پێوەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی چین داوایان لە بانکەکان و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای وەک Ant ی ئەو وڵاتە کردووە بەردەوامبن لە کانزاکردنی دراوی بتکۆین، بەڵام سەرجەم هەژماری مامەڵەکردن پێیانەوە بوەستێنن.
هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ئێرنای فەرمی ئێرانی لە زاری جەنەڕاڵ حسێن رەحیمی بەڕێوەبەری پۆلیسی تارانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە کارگەیەکی دوورە دەست لە خۆرئاوای تارانی پایتەخت دەستیان بەسەر حەوت هەزار کۆمپیوتەردا گرتووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی کازاکاری دراوی ئەلیکترۆنی بوون. دەشڵێت، بەهۆی ئەم کارەیانەوە بڕێکی زۆری وزەی کارەبایان بەکارهێناوە کە بووەتە هۆی چەندین جار پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەیاندا.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای "ئیلیبتیک" بۆ شیکارکردنی وایەری کارەبایی، ٤.٥% کۆی کانزاکاری دراوی ئەلیکترۆنی جیهانی لە ئێران بەرهەمدەهێندرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی پرۆسەی کانزاکاری دراوی بتکۆین، قەبارەی وزەی بەکارهێنراوی کارەبا لەلایەن دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆینەوە یەکسانە بە ٠.٦٥% وزەی بەکارهاتووی کارەبا لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە.
لەم پرۆسەیەشدا چین پلەی یەکەمی گرتووە لە ریزبەندی جیهانی لە پێگەکانی بەرهەمهێنان و پاراستی بتکۆیندا بەشێوەیەک ٦٥% پرۆسەکە لەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت و هەریەک لە ئەمریکا و روسیا بە ریژەی ٧% بە پلەی دووەم دێن.
بتکۆین؛ بریتیە لە دراوێکی ئەلیکترۆنی کە پشتی بە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەستووە و چاوەڕێدەکرێت یەکەم دراوی ئەلیکترۆنی بێت کە لە داهاتوودا بە تەواوەتی جێگەی پارەی کاغەز بگرێتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە ئەو دراوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ٢٠٠ هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.
كـ ، ئـ