سەردێڕ:

سەرۆکی وڵاتێک بۆ هاوڵاتیانی: یان دەبێت ڤاکسین وەربگرن یان دەستگیربکرێن یان وڵات جێبهێڵن

فۆتۆ: 
2021-06-22

5329 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فلیپین بڕیاریدا بەوەی، وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا چیدیکە بابەتێک نەماوە لەسەر خواستی هەوڵاتیان بەندبێت، دەڵێت، بۆیە هەرکەس رەتی بکاتەوە ڤاکسین وەربگرێت یان دەستگیر دەکرێت یان دەبێت وڵات بەجیبهێڵێت.


لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا شەوی دووشەممە، رۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆکی فلیپین رایگەیاند، هەر کەس ڤاکسین وەرنەگرێت دەستگیر دەکرێت و هەرکەسێکیش هاوکارنەبێت بۆ باشتربردنی دۆخی تەندروستی وڵات با بەجێیبهێڵێت.

لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، "بەهەڵە لێم تێمەگەن، گرفتێک بەرۆکی وڵاتی گرتووە، باری نائاسایی لە وڵاتدا راگەیەنراوە، هەر بۆیە ئەگەر ناتانەوێ ڤاکسین وەربگرن، ئەوا دەستگیردەکرێن".

وتیشی، ئەگەر ڤاکسینت ناوێ، فەرموو وڵات بەجێبهێڵە، چونکە داوای کردووە لیستی ئەو کەسانەی پێ بدەن کە ئامادەنین ڤاکسین وەربگرن.

رۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆکی فلیپین بە وتارە توند و هەڕەشە ئامێزەکانی ناسراوە، بەردەوام هەرکاتێک وتارێک پێشکەشدەکات کاردانەوەی زۆر و قسەوباس بەدوای خۆیدا دەهێنێت و جار جار تیایدا بڕیاری سەیر دەردەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا یەک ملیۆن و ٣٦٠ هەزار کەس لە فلیپین توشی کۆرۆنابوون و لەو ژمارەیەش ٢٣ هەزار و ٧٤٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

كـ.ئـ