سەردێڕ:

ئەمریکا ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسینى کۆرۆنا دەدات بە وڵاتانى جیهان

فۆتۆ: 
2021-06-22

2418 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، حکومەتی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی هەیە بۆ دابینکردنی ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ رێگەگرتن لەکۆڤید - ١٩ لەسەر ئاستی جیهان.


کۆشکی سپی لە راگەندراوێکدا بڵاویکردوە، لە چوارچێوەی دابینکردنی ئەو ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسیەنەدا، ١٤ ملیۆنی بۆ وڵاتانی فەڵەستین، عێراق، کۆڵۆمبیا، ئەرجەنتین و ئۆکرانیایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ٤١ ملیۆن ژەم، بۆ بەرنامەی ڤاکسینی جیهانی (کۆڤاکس) تەرخان دەکرێت، کە نزیکەی ١٤ ملیۆن ژەمی بۆ ئەمریکای لاتین و کاریبی، نزیکەی ١٦ ملیۆنی بۆ ئاسیا و ١٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینیش بۆ وڵاتانى ئەفریقا دەبێت.  

ئەوەشی خستەڕوو، پلانەکە لە چوارچێوەی بەڵێنەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ دابینکردنی ٨٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ سەرتاسەری جیهان و لەم مانگەشدا، ٢٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسین دابیندەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە جیهاندا، وڵاتان رێکاری توندیان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتەبەر، بەڵام دوای دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا رێکارەکان هەنگاو بە هەنگاو ئاسایی کرانەوە و جۆ بایدنیش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی لە دابینکردنی ڤاکسینی بۆ تەواوی جیهان دەکرد و دابینکردنی ڤاکسینیش لە ئێستادا لەلایەن ئەمریکاوە لەو چوارچێوەیەدایە.