سەردێڕ:

وتەبێژی کۆشکی سپی: خامنەیی بڕیاردەدات نەک رەئیسی

فۆتۆ: 
2021-06-22

1234 جار خوێندراوەتەوە

جێن ساکی، دەربارەی بەردەوامی دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، وتی: "سەرۆک جۆ بایدن، لەم دانووستانانەدا سەرکردەی ئێرانی عەلی خامنەیی وەکو ئەو کەسە دەبینێت کە بڕیار دەدات".


جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئیبراهیم رەئیسی سەرکۆماری نوێی ھەڵبژێردراوی ئێران، کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوی لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادایە، وتی، "سەرۆککۆماری نوێ، بە بەرپرسیار دادەنرێت لەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامیداوە".

جێن ساکی، لەسەر پرسیاری، لە دوای گۆڕینی ئیدارەی ئێران چۆن بەردەوامی بە دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدەن، وتی: "سەرۆک جۆ بایدن، لەم دانووستانانەدا سەرکردەی ئێرانی عەلی خامەنەیی وەکو ئەو کەسە دەبینێت کە بڕیار دەدات. ئەم دۆخە لە پێش ھەڵبژاردنەکاندا بەم شێوەیە بوو و ئەمڕۆش ھەر بەم شێوەیەیە، ئەگەری ھەیە لە داھاتووشدا ھەر ئاوھابێت".

 

ساکی، جەختی لەوەش کردەوە کە دانووستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەردەوامە بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە ھیچ رێککەوتنێک و وتی، "ئێران، لە مافەکانی مرۆڤ و بابەتەکانی وەکو پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە كارەكتەرێكى باش نییە لە جیھان. ئێمە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانیمان بەدوای رێککەوتنێکی ئەتۆمييەوەين بەڵام بەسەر ئەم خاڵەدا تێناپەڕێین".

A.A