سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوى ئێران رایگەیاند، حکومەتی ئایندە تایبەت نابێت بە گروپێکی دیاریکراو لەناو وڵاتدا و دۆخەکەش لەبەرژەوەندی ئێرانییەکان دەگۆڕێت.
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوى ئێران لەمیانی پێشکەشکردنی یەکەم وتاریدا دوای راگەیاندنى سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەى بەوەشکرد، بەشداری زۆری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا پەیامێکی دایە جیهان لەدژی پڕوپاگەندەکان، وتیشی، ئەو لە ئەنجامی بەشداری زۆری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان هاتووەتە پێشەوە.
ئیبراهیم رەئیسی ئەوەشى خستەڕوو، کاری لەپێشینەی ئەوان باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانی ئێران و پێکهێنانی سیستمێکی ئیداریی دور لە گەندەڵییە.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و رێککەوتنی ئەتۆمی باسى لەوەکرد، سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێناکات و بەوەش کۆتایی نایەت، دەشڵێت، پشتیوانی گفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەچوو و دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێریش لە داخستنی بنکەکانی دەنگدان ئەنجامەکان راگەیەنرا و تیایدا ئیبراهیم رەئیسی بە زۆرینەی دەنگ وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا و دۆسییەکانی گێڕانەوەی متمانە بۆ حکومەت و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەکی ئەتۆمی و پەتای کۆرۆنا بە ئاڵانگارییەکانی بەردەم سەرۆکی نوێی ئێران دادەنرێن.