لە کۆی ١٣٦ خوێندکار کە لە ٣٠ی ئایاری رابردوودا لە ویلایەتی نیجەر رۆژئاوای نێجیریا رفێندرابوون، ١٥یان توانیان هەڵبێن و خۆیان رزگار بکەن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی نیشتمانیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە، لەو ١٣٦ خوێندکارەی لە ناوچەی سالیهو تانکۆ لە ناوچەی تەگینا سەربە ویلایەتی نیجەر رفێندران، ١٥یان توانیویان هەڵبێن و لە کاتێکی نزیکدا بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە، لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی نیجەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە هەڵمەتی رزگارکردنی خوێندکارەکان درێژەی هەیە.
لە ئەنجامی هێرشی ژمارەیەک چەکداردا بۆسەر خوێندنگەی سالیهو تانکۆ لە ٣٠ی ئایاری رابردوودا، کەسێک کوژرا و ١١ خوێندکار لەوانەی رفێندرابوون بەهۆی ئەوەی توانای رۆشتنیان نەبوو ئازادکران.
چەکدارەکان پەیوەندیان بە بەڕێوەبەری خوێندنگەکەوە کردبوو و داوای ١١٠ ملیۆن نیرەی نێجیریا (٢٦٧ هەزار دۆلار)یان کردبوو بۆ ئازادکردنی ١٣٦ خوێندکارەکە، حکومەتیش رایگەیاندبوو کە پارەنادات بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان.
دواتریش سەرۆکی نێجیریا، محەمەد بوخاری داوای کردبوو دەستبەجێ خوێندکارە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.
لە ٣٠ی مانگی ئایاردا چەند چەکدارێکی هێرشیان کردە سەر خوێندنگەیەک لە ویلایەتی نەیجەری رۆژئاوای نێجیریا، کە لەبەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارەیان دەکرد.