ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، لە شاری دیزفول لە پارێزگای خوزستان لە باشوری خۆرئاوای ئێران هەلیکۆپتەرێک کە بەشێک لە سندوقی دەنگەکانی ئەو ناوچەیەی دەگواستەوە کەوتەخوارەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا و ١١ کەسی دیکە برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی فارس لە زاری قاسم سولەیمانی دەشتەکی
پارێزگاری خوزستانەوە بڵاویکردەوە، هەلیکۆپتەرەکە لە ناوچەی ئەحمەد فەدالە لە نزیک
پارێزگای دیزفول ناوچەیەکی سەختە کەوتووەتەخوارەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی رووداوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١١ کەسی دیکە
برینداربوون و هەموویان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستی هەندێکیان
ناجێگیرە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران
بەڕێوەچوو کە ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ژمارەیەش
ملیۆنێک و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هاوڵاتی یەکەمجاریان بوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
تیایدا ئیبراهیمی رەئیسی لە ئەنجامی جیاکردنەوەی ٩٠%ی دەنگەکان توانی ١٧ ملیۆن
و ٨٠٠ هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و بەمەش بە سەرۆکی نوێی ئێران هەڵبژێردرا و ململانێیەکەی
لە سێ پاڵێوراوەکەی دیکە بردەوە و بەمەش زۆرینەی دەنگەکان و بە رێژەی ٦٢% بۆ خۆی
مسۆگەرکرد و بووە هەشتەمین سەرۆکی ئێران.
کـ.ئـ