دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، قاچاخچییەکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی شاردنەوەی ١٢ کۆچبەری عێراقی لە ناو قەنەفە و کەلوپەلی ناوماڵدا دەستگیرکرد. پاش ساغ بوونەوەی تاوانەکە بەسەریدا بڕیاری سزادانی بە سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەناران لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، قاچاخچییە کە "ئارمان یوسف رەحمانی"ە و تەمەنی ٢١ ساڵە.
ئاماژەی بەوەشداوە، قاچاخچییەکە بەنیاز بووە لە فەرەنسا و بەلجیکاوە کۆچبەرەکان بۆ بەریتانیا بپەڕێنێتەوە، لە کاتی گەیشتنیاندا بۆ سنوری بەریتانیا ئەفسەرانی هێزی سەرسنوری بەریتانیا لۆرییەکانیان پشکنیوە و توانیویانە ١٢ کۆچبەری عێراقی خوار ١٨ ساڵیان بدۆزنەوە.
دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە، کریس فیڵیپ وەزیری یاسا و بڕیاردانی کۆچی بەریتانیا رایگەیاندووە، "وەک پەنابەرێک رەحمانی بێڕێزی بە یاسای بەریتانیا کردووە، لە کاتێکدا بەریتانیا ئارامی و پاراستنی بە رەحمانی بەخشیوە."
دەزگاکە باسی لەوەشکردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان، وەک سزایەک بۆ کردارەکەی پاش تەواو بوونی سزاکەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتیکدایە، سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی نەوت و گازی سروشتییە و خاکێکی بەپیت و فراوانی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی ئابوری و ئەمنی و سیاسی و هەبوونی چەندین کێشەی جۆراوجۆر و لەسەرو هەمووشیانەوە گەندەڵی ئیداریی و سیاسی و ئابوری و سەختی ژیان و بێ ئومێدبوونی گەنجان لە باشتربوونی دۆخی گوزەران و ژیانیان، ساڵانە لە هەرێم و عێراق هەزاران هاوڵاتی و گەنج بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی شایستەتر و باشتر پەنا بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەبەن و وەک کۆچبەر رێگای نایاسایی دەگرنە بەر. بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک لە کۆچبەران لە بەهۆی وەرگەڕان و نقومبوونی بەلەمەکانیانەوە لە رێگا ئاوییەکاندا گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن پۆلیسی وڵاتانەوە گیراون و دیپۆرتکراونەتەوە.