سەردێڕ:

سەرۆکی نوێی ئێران کێیە؟

فۆتۆ: 
2021-06-19

10679 جار خوێندراوەتەوە

میدیای فەرمی ئێران، سەرکەوتنی ئیبراهیمی رەئیسی یەکێک لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە و مسۆگەرکردنی ٦٢% دەنگەکان راگەیاند و بەمەش بووە هەشتەم سەرۆکی ئەو وڵاتە.


میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، ئیبراهیمی رەئیسی لە ئەنجامی جیاکردنەوەی ٩٠%ی دەنگەکان توانیویەتی ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و بەمەش بە سەرۆکی نوێی ئێران هەڵبژێردرا و توانی ململانێیەکە لە سێ پاڵێوراوەکەی دیکە بباتەوە.

 دابەشبوونی ئێرانییەکان بەسەر دەنگدان و دەنگنەداندا، سیماییەکی نوێی بە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئێران بەخشیبوو، رابەرى باڵاى ئێران داوای بەشداریی لە دەنگدان کرد و خەڵکانێکی زۆریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر شەقامەکانی ئێرانیش بە کەمپەینی دەنگ نادەین، دەیانویست توڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە دۆخی وڵاتەکەیان دەربڕن.

ئیبراهیمی رەئیسی کێیە؟

سەید ئیبراهیم رەئیس ساداتی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ لە کەڕەگی نوغان لە شاری مەشهەدی پایتەختی هەرێمی خۆراسان لە دایکبووە.

باوکی پیاوێکی ئایینی ناوچەی دەشتەکی شاری زابولی پارێزگای سیستان وبلوچستان بووە،  کاتێک ئیبراهیمی رەئیسی تەمەنی پێنج ساڵبووە، باوکی لە مەشهەد کۆچی دوایی کردووە.

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەندی بە خوێندنگاکانی شاری قومەوەکردووە و لەسەردەستی هەریەک لە عەلی موشیکنی و حسێن نوری هەمەدانی و محەمەد فازیڵ لەنکرانی و کەسانی دیکە زانستە کلاسیکییە ئیسلامییەکانی خوێندووە.

هاوسەرگیری لەگەڵ "جەمیلە ئەحمەد عەلەموهودا" کچی پیاوێکی ئایینی توندی پارێزکار و پێشنوێژخوێن و وتاربێژی شاری مەشهەد کردووە. هاوسەرەکەی لە زانکۆی بەهەشتی لە تاران مامۆستای زانستە پەروەردییەکانە و دووکچ و دوو کچەزای هەیە.

ساڵی ١٩٨٠ کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵبووە بە سەرۆکی نوسینگەی داواکاری گشتی شاری کەرەج دامەزرا. دوای چەند مانگێک بە داواکاری گشتی دەستنیشان کرا.

لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن  قودوسی داواکاری گشتی ئەوکاتی ئێرانەوە، بە داواکاری گشتی هەمەدان دەستنیشانکرا. لە ساڵی ١٩٨٥وەک جێگری داواکاری گشتی تاران دەستبەکاردەبێت و دواتر لە ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن محەمەد یەزدی سەرۆکی ئەوکاتی دەسەڵاتی دادوەرییەوە کرا بە داواکاری گشتی تاران.

لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ بە جێگری سەرۆکی گشتی دەسەڵاتی دادوەری دادەمەزرێت، لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران دەست بەکاردەبێت کە لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێرانەوە دەستنیشانکرا.

لەساڵی ٢٠١٨ بە فەرمانی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستنیشانی کرد.

لە ئێستادا و لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران کە رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو توانی زۆرینەی دەنگەکان و بە رێژەی ٦٢% بۆ خۆی مسۆگەربکات و بەمەش بووە سەرۆکی نوێی ئێران.

لە سەرەتایی کردنەوەی سندوقەکانی دەنگداندا، عەلی خامنەیی، رابەرى باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەنگی خۆی خستە نێو سندووقەکانی دەنگدانەوە، دواتریش رایگەیاند، دەنگدان ئەرکێکی نەتەوەییە و پێویستە هەموو تاکێکی ئێران ئەو ئەرکەی سەرشانی جێبەجێبکات.

لە هەڵبژاردنەکەدا هەر یەک لە ئیبراهیم رەئیسی، عەبدولناسر هیمەتی، موحسین رەزایی و ئەمیر حسێن قازیزادە کێبڕکێ بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەیان کرد.

بەهۆی نزیکی لە خامنەیی و سوپای پاسداران و دوورخستنەوەى کاندیدە بەهێزەکانى دیکە لەلایەن ئه‌نجومه‌نى پاراستنی ده‌ستوورەوە، ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خەری ئەوەبوون، ئیبراهیم ره‌ئیسى، كاندیدی پارێزگاره‌كان و سه‌رۆكى پێشووى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى زۆر به‌هێزه‌.

لەم هەڵبژاردنەدا، ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە ملیۆنێک و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هاوڵاتی یەکەمجاریان بوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەکاتێکدایە، کە ئێستا ئەو وڵاتە بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، ئەو دۆخەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەت لە ناوچە کوردیەکاندا دۆخی هاوڵاتیان بەجۆرێک خراپە، کە بۆ کڕینی تەنیا مریشکێک پێویستە پێنج رۆژ کاربکەن، ئەوەش سەرەڕای بێکاریی، زۆرێک لە هاوڵاتیانی لەو ناوچانەدا.

شارەزایانى کاروبارى ئێران لەو باوەڕەدان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئێران جگە لە شانۆگەرییەکى سیاسی هیچی دیکە نییە، چونکە چاوەڕێ ناکرێت هیچ گۆڕانکاریەک بەسەر دۆخی خەڵکدا بهێنێت، دەشڵێن، رەئیسى کە پاڵێوراوى بردنەوەى ئەو پۆستەیە، دڵخوازى ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانى رۆژئاوا نییە، ئەمەش واتاى هەڵنەگرتنى گەمارۆى ئابورییە لەسەر ئێران بەم نزیکانە.

لە بەرامبەردا بەشێک لە دەنگدەرانى ئێران پێیانوایە، ئەنجامدانى هەڵبژاردن هەر چوار ساڵ جارێک لەو وڵاتە پابەندبوونە بە دەستورى وڵات و رێزگرتنە لە سەروەرى یاساى وڵاتەکەیان.

کـ.ئـ