کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر رایگەیاند، چەند شوێنێکیان بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى ئێران لە هەرێمى کوردستان کردووەتەوە، کە بریتین لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و کەلار و سۆران.
نەسروڵڵا رەشنودى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر ئەوەشی بە ئێن ئاڕ تى وت، ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتى ئێرانى نیشتەجێى هەرێم چوونەتە بنکەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە و چاوەڕوانى بەشداریی ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتى ئێرانى دەکەن بەشداری دەنگدانەکە بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، ١٣ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران دەستیپێکرد و تیایدا ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هاوڵاتی یەکەمجاریانە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و یەکێک لەو چوار پاڵێوراوەی لە رکابەریدا ماون هەڵدەبژێرن.
لەهەڵبژاردنەکەی ئێراندا، ٥٩٢ کەس داواکاریی خۆپاڵاوتنیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران پێشکەشکردبوو و لەو رێژەیەش تەنها حەوت کەسییان پەسەندکران.
هەریەکە لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئیسحاق جیهانگیر جێگری سەرۆکی ئێستای ئێران لەو پاڵێوراوانە بوون کە داواکاریی خۆپاڵاوتنیان بۆ سەرۆکایەتی ئێران لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستور رەتکرایەوە و لەوبارەیەشەوە ئەنجومەنەکە رایگەیاند، "ئەو کەسانە مەرجی گونجاویان تێدانەبووە تا خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئێران بپاڵێون."
ژمارەی پاڵێوراوەکانی سەرۆکایەتی ئێران کە لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورەوە پەسەندکران حەوت کەس بوون و تیایدا هەریەک لە محسین مەهر عەلی زادە، عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی ئێران کە بە پاڵێوراوانی حزبی ریفۆرمخواز ناسراون پەسەندکران.
پێنج پاڵێوراوەکەی دیکەش سەر بە حزبی پارێزگارانی نزیک لە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێرانن.
رۆژی چوارشەممە، محسین مهر عەلی زادە لەسەر حزبی ریفۆرمخوازانی ئێران و یەکێک لە پاڵێوراوەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران کشایەوە.
لە ئێستادا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دادگای باڵای ئێران بەهێزترین پاڵێوراوە لەنێوان چوار پالێوراوەکەی دیکەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، شارەزایانیش نزیکیی رەئیسی لە عەلی خامنەیی بەهۆکاری سەرەکی دادەنێن کە چانسی دەرچوونی هەبێت و بە سەرۆکی داهاتووی ئێران هەڵبژێردرێت.
سیستمی سیاسی لە ئێران کۆمارییە و تیایدا رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دادگای باڵای ئێران لەژێر رۆشنایی دەستوری ئەو وڵاتەدا پیادەی دەسەڵاتەکانی خۆیان دەکەن، لەساڵی ١٩٧٩دا پاش روخانی رژێمی رەزا شای پەهلەوەی؛ دەستوری نوێ نوسرایەوە و تیایدا سیستم بە سیستمێکی کۆماری جێگیرکرا و رابەری باڵا دەسەڵاتی یەکەمە کە لەسەرو سەرۆککۆمارەوەیە و دەسەڵاتی راستەوخۆشی بەسەر دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادوەریدا هەیە.
بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە، سەرۆککۆمار تەنها بۆ ماوەی دوو خول و هەر خولێک بۆماوەی چوار ساڵ دەتوانێت خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵێوێت، بەوپێیەش حەسەن رۆحانی کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە یەکەم خولی سەرۆکایەتیەکەی دەستیپێکرد، لەئێستاشدا لەکۆتاییەکانی خولی دووەمیدایە و ناتوانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی بپاڵێوێت.
لەبارەی سەرنجی حزبە کوردییەکانی ئێرانەوە لەسەر هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ ئێران، خالید عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی ئێران هیچ پرسێکی کورد گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و تەنها پەیوەندی بە پۆستی سەرۆککۆمارییەوە هەیه و ئەو پۆستەش تەنها دەبێت بەدەست شیعەکانەوە بێت، ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە زۆر بەتەکتیک کراوە بۆ ئەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەژداری تێدا نەکەن.