سەردێڕ:

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2021-06-18

1135 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ١٨ی حوزەیران، ١٣ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران دەستیپێکرد و تیایدا ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هاوڵاتی یەکەمجاریانە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و یەکێک لە و چوار پاڵێوراوەی لە رکابەریدا ماون هەڵدەبژێرن.


لە ئێستادا سندوقەکانی دەنگدان بەرووی هاوڵاتیانی ئێراندا کراونەتەوە و دەستکراوە بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکان.

لەماوەی رابردوودا و بەپێی راپۆرتی میدیاکان، هاوڵاتیان گلەییان لە حکومڕانی وڵاتەکەیان هەبوو، بە جۆرێک بەشێکیان باسیان لەوەدەکرد، نایانەوێت بچن دەنگ بدەن.

لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی پەرلەمانی ئێراندا، ٥٩٢ کەس داواکاریی خۆپاڵاوتنیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران پێشکەشکردبوو و لەو رێژەیەش تەنها حەوت کەسییان پەسەندکران.

هەریەکە لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئیسحاق جیهانگیر جێگری حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێستای ئێران لەو پاڵێوراوانە بوون کە داواکاریی خۆپاڵاوتنیان بۆ سەرۆکایەتی ئێران لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستور رەتکرایەوە و لەوبارەیەشەوە ئەنجومەنەکە رایگەیاند، "ئەو کەسانە مەرجی گونجاویان تێدانەبووە تا خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئێران بپاڵێون".

ژمارەی پاڵێوراوەکانی سەرۆکایەتی ئێران کە لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورەوە پەسەندکران حەوت کەس بوون و تیایدا هەریەک لە محسین مەهر عەلی زادە، عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی ئێران کە بە پاڵێوراوانی حزبی ریفۆرمخواز ناسراون پەسەندکران. 

پێنج پاڵێوراوەکەی دیکەش سەر بە حزبی پارێزگارانی نزیک لە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕش و سوپای پاسدارانەوەن.

رۆژی چوارشەممە، محسین مهر عەلی زادە لەسەر حزبی ریفۆرمخوازانی ئێران و یەکێک لە پاڵێوراوەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران کشایەوە.

لە ئێستادا، "ئیبراهیم رەئیسی" سەرۆکی دادگای باڵای ئێران بەهێزترین پاڵێوراوە لەنێوان چوار پالێوراوەکەی دیکەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، شارەزایانیش نزیکیی رەئیسی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و سوپای پاسداران بەهۆکاری سەرەکی دادەنێن کە چانسی دەرچوونی هەبێت و بە سەرۆکی داهاتووی ئێران هەڵبژێردرێت.

سیستەمی سیاسی لە ئێران کۆمارییە و تیایدا رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دادگای باڵای ئێران لەژێر رۆشنایی دەستوری ئەو وڵاتەدا پیادەی دەسەڵاتەکانی خۆیان دەکەن، لەساڵی ١٩٧٩دا پاش روخانی رژێمی رەزا شای پەهلەوەی؛ دەستوری نوێ نووسرایەوە و تیایدا سیستەم بە سیستەمێکی کۆماری جێگیرکرا و رابەری باڵا دەسەڵاتی یەکەمە کە لەسەرو سەرۆک کۆمارەوەیە و دەسەڵاتی راستەوخۆشی بەسەر دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادوەریدا هەیە.

بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە، سەرۆک کۆمار تەنها بۆ ماوەی دوو خول و هەر خولێک بۆماوەی چوار ساڵ دەتوانێت خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵێوێت، بەوپێیەش حەسەن رۆحانی کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ئێرانی بەدەستهێناوە و لەئێستاشدا لەکۆتاییەکانی خولی دووەمیدایە، ناتوانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی بپاڵێوێت.

لەبارەی سەرنجی حزبە کوردییەکانی ئێرانەوە لەسەر هەڵبژاردنەکەی سبەینێی ئێران، خالد عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕتی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی ئێران هیچ پرسێکی کورد گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و تەنها پەیوەندی بە پۆستی سەرۆککۆمارییەوە هەیه و ئەو پۆستەش تەنها دەبێت بەدەست شیعەکانەوە بێت، ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە زۆر بەتەکتیک کراوە بۆ ئەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەژداری تێدا نەکەن.

سیازدەیەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدایە بە گوێرەی قسەی هەندێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەم خولەدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە بەراوەرد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر.

یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٦ پاش شۆڕشی مەشروتەی ئێرانی و لەسەر خواستنی مەشروتەخوازان دەوڵەتی قاجار ناچارکرا پارلەمان دامەزرێنێت و یەکەمین خولی پەرلەمانی قبوڵ بکات، لەساڵی ١٩٥٣دا محەمەد رەزا شای پەهلەوی لەرێگای ئەنجامدانی کودەتاوە دەسەڵاتی گرتەدەست و تا ساڵی ١٩٧٩ لەدەسەڵاتدا مایەوە، دوای ئەوەی گەلانی ئێرانی بە رابەرایەتی "روحوڵڵا مستەفا ئەحمەد موسەوی خومەینی" شۆڕش بەرپاکرد و سیستەمی حکومی ئێرانی لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕدرا.