سەردێڕ:

ئیسرائیل گەشتکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ ئیمارات قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2021-06-17

4719 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل هۆشداری بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دا کە بەهۆی هەڵکشانی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیمارات سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.


وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتانی کەنداو و ئیمارات لەئێستادا زۆرترین رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە و هۆشداری بە هاوڵاتیانیشی دەدات کەسەردانی ئیمارات نەکەن.

هەریەکە لە ئیمارات، تونس، ئۆگەندا، ئۆرۆگوای، سیشیل، ئەسیوبیا، پۆلیڤیا، ماڵدیف، نامیبیا، نیپاڵ، پاراگوای، چیلی، کۆڵمبیا و کۆستەریکا لە ریزبەندی زۆرترین رێژەی توشبوون بە کۆرۆنای تێداتۆمارکراوە و ئیسرائیل هۆشداری بەهاوڵاتیانی وڵاتەکەی لەسەردانیکردنیان داوە، هاوکات، ئەرجەنتین، بەڕازیل، ئەفریقای باشوور، هدنستان، مەکسیک و روسیا لەریزبەندی ئەو وڵاتانەدان کە ئیسرائیل بڕیاری قەدەغەی سەردانیکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەرکردووە.

ئەمە لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ئیمارات وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکرد و بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی بوویەوە و چووە قۆناغێکی نوێوە.

لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا، تا ئێستا ٨٣٩ هەزار و ٧٢٠ کەس لە ئیسرائیل توشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، شەش هەزار و ٤٢٨ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ٩.٣ ملیۆن ژەمی ڤاکسین کۆرۆناش بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە و رێژەی ٥٥٪ی دانیشتوانی ئیسرائیلیش ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

ن، غ

ک، ئ