ئەمڕۆ لە شاری جنێفی پایتەختی سویسرا هەریەکە لە جۆبایدن سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا و ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا پاش چەندین ساڵ لە ناکۆکی توند و لاوازبوونی پەیوەندییەکانیان بۆ نزمترین ئاست کۆبوونەوە و لەپاش کۆبوونەوەکەش، هەردوولا هاوڕایی و راجیایی خۆیان لەسەر چەند پرسێکی نێوانیان ئاشکراکرد.
کۆبوونەوەکەی ئەم دوو جەمسەرە سەرەکییەی جیهان لە کۆشکی "ڤیلا لا گرانج"ی سویسرا بەڕێوەچوو کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ سەدەی ١٨ی زایین دەگەڕێتەوە، لەلایەن گای پارملینی سەرۆکی سویسراوە پێشوازی لەهەردوو سەرۆک کرا و کۆبوونەوەکەش زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، تیایدا سەرۆک و وەزیرانی دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای روسیا و ئەمریکا بەشداربوون، کۆی خاڵە ناکۆک و هاوبەشەکانیش تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکەبوون.

لەکۆبوونەوەکەدا باس لەچی کرا؟
کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و پوتن زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند و تیایدا پرسەکانی هێرشی ئەلکترۆنی، زیندانە سیاسییەکانی روسیا، دەستێوەردانی روسیا لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دۆخی سوریا و بەدەستگەشتنی هاوکارییە مرۆییەکان، پرسی ململانێکانی روسیا و ئۆکرانیا، بیلاڕووس، زیندانییەکانی CIA و گوانتانامۆ گەنگەشەکرا و لەهەرە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان بوو، هاوکات پرسەکانی هەماهەنگی هاوبەش، کۆنتڕۆڵکردنی چەک، دانانی پلانی ستراتیژی گرنگ و کرداری، رووبەڕوبوونەوەی قەیرانە جیهانییەکان پێکەوە، کارکردن لەسەربوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشەپێدانی کۆمەڵگاش کۆی تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا بوو.
بایدن و پوتن چۆن کۆبوونەوەکەیان هەڵسەنگاند؟
لەپاش تەواوبوونی کۆبوونەوە چوار کاتژمێرییەکەیان، هەریەکە لە بایدن و پوتن بە جیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و تیایدا بایدن کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی" و "باش" لەقەڵەمدا، پوتنیش کۆبوونەوەکەی بە "دۆستانە" ناوبرد. جۆبایدن جەختی لەوەشکردەوە، "رای جیاواز و هاوبەشمان هەبوو، بەڵام سەرکەوتووبووین لەئەنجامدانی هەنگاوی هاوبەش، من ئەوەی بۆی هاتم ئەنجاممدا".

لەکۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەیدا، جۆبایدن ئاماژەی بە پرسی مافەکانی مرۆڤ لەروسیا و بەتایبەتیش دەستگیرکردنی سەرکردەی ئۆپزسیۆنی روسیا ئەلیکساندەر ناڤالانی و مامەڵەی روسیا لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانکرد و سەرنجەکانی پوتنیشی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤی ئەمریکا رەتکردەوە و بە "بەراوردکارییەکی پێکەنیناوی" لەقەڵەمدا. لەبەرامبەریشدا ڤلادمێر پوتن بەرگری لەکەیسی دەستگیرکردنی ناڤالانی کرد و بەیاسایی ناوزەندیکرد، وتیشی، "ناڤالانی پێچەوانەی یاسا و دەستووری روسیا" جوڵاوەتەوە.
هاوکات، ڤلادمێر پوتن لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا رەتیکردەوە کە وڵاتەکەی دەستی لە هێرشی ئەلکترۆنی بۆسەر ئەمریکا و دەستێوەردانیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا هەبووبێت، وتیشی، "بایدن لەبارەی سەرنجەکانی پێشووی کەلەبارەی منەوە هەیبوو، روونکردنەوەی پێدام".
پوتن ئەوەشی خستەڕوو، مۆسکۆ و واشنتۆن دەست بەگفتوگۆکانیان دەکەن تایبەت بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی رێککەوتننامەی STARTی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی چەک کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەسەردەچێت، وتیشی، "هەردوو وڵاتەکە بەرپرسیارن لە ستراتیژیی سەقامگیرییەتی چەکی ئەتۆمی".
رێککەوتننامەی "STRAT" لەساڵی ٢٠١٠دا لەنێوان ئەمریکا و روسیا واژۆکرا و بەگوێرەی رێککەوتننامەکەش بەرهەمهێنانی کڵاوەئەتۆمییەکان، موشەک و بۆمب کە روسیا و ئەمریکا بەکاریدەهێنن، سنوورداردەکرێت.
بە ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ جۆ بایدن، ڤلادیمێر پوتین پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا دەبێت کە کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵدا ئەنجامدەدات کە تیایدا بایدن مەترسییەکانی ئەمریکا لەبارەی رەفتارەکانی روسیا و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنەکانی لە ناوخۆی لەگەڵدا تاوتوێکرد و لەبەرامبەریشدا پوتین لیستێکی لە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لە بارەی هەندێ رەفتاری ئەو وڵاتە لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستە بەردەم بایدن.
نەورەس غەریب