میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، دەرمانی کاسیریڤیماپ و ئیمدیڤیماپ بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە و توانای ئەوەی هەیە گەشەی ڤایرۆسەکە رابگرێت و رێژەی مردنیش کەمبکاتەوە.
کاسیریڤیماپ و ئیمدیڤیماپ ناوە زانستیەکەیان مۆنۆکلۆنەڵ ئەنتی بەدی کە پرۆتینێکی دروستکراون لەگەڵ ڤایرۆسەکە یەکدەگرن و ناهێڵن گەشە بکات و زیاتر لەناو جەستەدا تەشەنە بستێنێت.
ئەو دەرمانە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانی ئەمریکی ریجینیرۆن بەرهەم هێنراوە و لەسەر نزیکەی ١٠ هەزار نەخۆش لەبەریتانیا تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە مەترسی مردن و ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە و بەکارهێنانی ئامێری هەناسەی دەستکرد کەمدەکاتەوە.
پێویستە ئاژانسی رێکخستنەوەی دەرمان و چاودێری تەندروستی بەریتانیا پەسەندی بکات، دواتر دامەزراوە تەندروستیەکان دەتوانن بەکاریبهێنن و خەرجیەکەی بۆ هەر کەسێك لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار پاوەندی ئیستەرلینیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو، دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوینە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەرهەمهێنران، هەروەها دەرمانی رێمدێسیڤیر کە لەلایەن کۆمپانیای گیلێس ساینسس گەشەی پێدرا، نرخەکەی لە نێوان یەک بۆ ٢٩ دۆلاردا بوو.
ئـ.مـ
هـ.ئـ