سەردێڕ:

دیدارەکانی پوتین لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمریکادا

فۆتۆ: 
2021-06-16

1598 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە جنێفی پایتەختی سویسرا ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا ببینێت و کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دوو وڵات بەڕێوەبچێت.


ماڵپەڕی دەنگی گشتی ئەمریکا ئان بی ئاڕ دیداری لوتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای بە "لوتکەی قسەهێنی نێوان دوو سەرکردە لە سێ دەیەی دوای جەنگی سارد"ەوە وەسفکرد.

بە ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ جۆ بایدن، ڤلادیمێر پوتین پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا دەبێت کە کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵدا ئەنجامدەدات کە تیایدا بایدن مەترسییەکانی ئەمریکا لەبارەی رەفتارەکانی روسیا و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنەکانی لە ناوخۆی لەگەڵدا تاوتوێدەکات و لەبەرامبەریشدا پوتین لیستێکی لە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لە بارەی هەندێ رەفتاری ئەو وڵاتە لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم بایدن.

پێشتر جۆ بایدن، ڤلادیمێر پوتینی بە "بکوژ" وەسفکرد و لە رۆژی دووشەممەش لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا دووبارەی کردەوە و وتیشی، "کەسێکی زیرەک و ئاڵۆز و ململانێکارێکی شایستەیە". راشیگەیاند، لە دیدارەکەیدا "هێڵە سورەکان" بۆ بایدن دەستنیشاندەکات و داوای کاوری هاوبەشیش لە مۆسکۆدەکات.

 

بێڵ کلینتۆن

لە ساڵی ١٩٩٩، دوای چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی روسیا، ڤلادیمێر پوتین لەمانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ و لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج یەکەم دیداری لە بیڵ کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ئەنجامدا کە کەمتر لە ساڵێکی سەرۆکایەتییەکی مابوو. لە دیدارەکەیاندا باسیان لە بوونی سەربازی روسی لە چیچان کرد.

بۆجاری دووەم لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٠ لە مۆسکۆ دایداری لەگەل کلینتۆن سازکرد و لەماوەی کۆنفرانسە هەواڵییەکەیاندا هیچ کامیان ناوی ئەوی تریانی نەهێنا و هیچ زەردەخەنەیەکیشیان نەکرد. تیایدا باسیان لە سیستمی بەرگری ئەمریکی کرد و رێککەوتن لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور هەڕەشەی زئیاتر دروستدەکات.

جۆرج بوشی کوڕ

لەساڵی ٢٠٠١ و دوای پێنج مانگ لەدەست بەکاربوونی جۆرج بوشی کوڕ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ ڤلادیمێر پوتین لە سلۆڤینیا دیداری لەگەڵدا سازکرد. تیایدا بوش پوتینی بە کەسێکی "راشکاو و جێگەی متمانە" وەفکرد و لەبەرامبەردا پوتین چەندین جار وشەی "هاوبەش"ی بۆ ئەمریکا بەکارهێنا.

لە دوای رووداوی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، پوتین یەکەم سەرۆکی جیهانی بوو پەیوەندی بە جۆرج بوشەوە کرد و سەرەخۆشی ئاراستەکرد و روسیای وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ناساند بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

لە شوباتی ٢٠٠٥ جارێکی پوتین دیکە دیداری لەگەڵ جۆرج بوش سازکرد و تیایدا لەبارەی دۆسییەکانی دیموکراسی لە روسیا و ئەوروپا و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور و ئێران گفتوگۆیان کرد.

باراک ئۆباما

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ باراک ئۆباما بەسەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا لە دەرەوەی مۆسکۆ و لە گوندەکەی ڤلادیمێر پوتیندا چاویان بەیەک کەوت. بۆ جاری دووەم لە ساڵی ٢٠١٣ لە ئێرلەندا و لە کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی هەشت دیداری دووەمیان سازکرد و لە بارەی دۆسییەکانی گرژییەکانی سوریا و رێگری کردنی هەریەک لە ئێران و کۆریای باکور لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی گفتوگۆیان کرد.

دۆناڵد ترەمپ

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی بیست لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا ڤلادیمێر پوتین دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سازکرد. دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ لە هێلسنکی لە پایتەختی فنلەندا دیداری دووەمیان ئەنجامدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیرە ئەمڕۆ لە جنێفی پایتەختی سویسرا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سازبکات و بەمەش بایدن دەبێتە پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا دیداری لەگەڵ یەک سەرۆکی نەگۆڕی روسیا سازبکات.