لە جنێفی پایتەختی سویسرا کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوانیان گەیشتنە جنێفی پایتەختی سویسرا، هاوکات، هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسییەکەی ئامادەی لوتکەکە دەبن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حورەی ئەمریکی، بایدن و پوتین لەبارەی دۆسیەکانی سەقامگیری ئەتۆمی و داهاتووی رێککەوتنامەی New Start لەبارەی سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ٢٠٢٦ کۆتایی پێدێت گفتوگۆدەکەن.
ماڵپەڕەکە دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت چەندین رێککەوتنامە و پەیماننامەی دیکەی جیاواز لەبارەی سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمەوە واژۆبکەن.
هاوکات، بەگوێرەی ماڵپەڕی دەنگی گشتی ئەمریکا، بایدن لەبارەی مەترسییەکانی وڵاتەکەی لە رەفتارەکانی روسیا و سەرکوتکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە روسیا گفتوگۆدەکەن.
لەبەرامبەریشدا، پوتین لیستێکی لەبارەی هەندێک رەفتاری ئیدارەی ئەمریکا لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم بایدن کە روسیا ئەو وڵاتەی پێ تۆمەتباردەکات.
پێشتر، جۆ بایدن، ڤلادیمێر پوتینی بە "بکوژ" وەسفکرد و لە رۆژی دووشەممەش لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، "کەسێکی زیرەک و ئاڵۆز و ململانێکارێکی شایستەیە".
راشیگەیاند، لە دیدارەکەیدا "هێڵە سورەکان" بۆ پوتین دەستنیشاندەکات و داوای کاری هاوبەشیش لە مۆسکۆ دەکات.