نۆ ژن لە کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیلدا بەشدارن، پێنجیان بە رەگەز عەرەبن، کە سیانیان عێراقین ئەوەش یەکەمجارە سێ ژنی عێراقی لە کابینەیەکی حکومیدا کۆببنەوە.
ئۆرنا باربیڤای وەزیری دارایی و ئابوری ئیسرائیل تەمەنی ٥٨ ساڵە و لە دایکبووی شاری عفولەی باکوری ئیسرائیلە، دایکی عێراقیەو باوکیشی رۆمانییە.
باربیڤای، ئەندامی پارتی سپی - شینە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەکان و ماستەری لە کارگێڕی کار هەیە.
دایکی سێ منداڵەو لەساڵی ١٩٨١ەوە لەریزی سوپای ئیسرائیلدا کاردەکات.
ئایلێت شاکید وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل، تەمەن ٤٥ ساڵ لە دایکبووی تەلئەبیب، باوکی لە ساڵانی پەنجاکان لە عێراق ژمێریار بووەو دواتر روویکردۆتە ئیسرائیل.
ئایلێت بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کارەبا و زانستی کۆمپیوتەر هەیە.
یفات شاشابیتۆن وەزیری خوێندنی باڵای ئیسرائیل، تەمەن ٤٨ ساڵ لەدایکبووی تەلئەبیب، باوکی عیراقیە و دایکی مەغریبیە، باوکی خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوە بووە پێش ئەوەی کۆچ بۆ ئیسرائیل بکات.
بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی نوێی ئیسرائیل دوو ئافرەتەکەی دیکەش لەبنەڕەتدا خەڵکی مەغریبن.
حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە هاوبەشی نێوان یائییر لابید سەرۆکی پارتی یەش ئاتید و نافتالی بێنیت سەرۆکی پارتی یەمینا پێکهێنرا، بەوەش حکومەت و حکومڕانی ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەبووە، دوای ١٢ ساڵ کۆتایی پێهات.
میدیاکان ئیسرائیل رایانگەیاندووە، حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە بەهاوبەشی دەبێت و دوو ساڵ یائییر لابید و دوو ساڵەکەی تریش نافتالی بێنیت سەرۆکوەزیران دەبن.
ئـ. م
ع. ح