سەردێڕ:

ئێران گەشتی دەرەوەی وڵاتی لە چەند بەرپرسێکی باڵا قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2021-06-16

1593 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای ئێران رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەردەوامە کە تۆمەتبارن بە دزە پێکردنی تۆمارە دەنگییەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، دەشڵێت، "بە فەرمانی دادگا بەشێک لەو کەسانە بۆیان نییە گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن و خراونەتە ژێر چاودێریی چڕەوە."


غولام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دادگای باڵای ئێران رایگەیاند، دادگای باڵا فەرمانی قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵاتی بۆ بەشێک لەو کەسانە دەرکردوو، کە تۆمەتبارن بە دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، بێ ئەوەی ناسنامە و ناوی هیچ کامیان ئاشکرابکات.

غولام حسێن ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەر داوای داواکاری گشتی ئێران لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و لە بڕیاری دووەمی دادگادا، بەشێکی دیکەی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن خراونەتە ژێر چاودێریکردنێکی توندەوە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراوی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکرایەوە، کە تیایدا لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیی و هەژموونی خامنەیی و قاسم سلێمانی و سوپای پاسداران لەسەر چالاکییە دیبلۆماسییەکان ئاشکراکرد، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ناوخۆیی لە ئاستە باڵاکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ٢٩ی نیسانیشدا، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران حسامەدین ئاشنای بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی حکومەتی ئێرانی لەکارەی لادا و عەلی رەبیعی وتەبێژی فەرمی حکومەتی ئێرانی لە شوێنی دانا، بەهۆی ئەوەی لە کەیسی دزە پێکردنی تۆماری دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێراندا حسامەدین ئاشنا بە یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان دادەنرێت.

بەگوێرەی وتەی میدیاکانی ئێران، رووداوی دزە پێکردنی تۆمارە دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف، بەهۆی رەخنەگرتنی لە سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە توڕەبوونی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

ک. ئـ

ئـ. بـ