رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردەوە، لە حەوتەم هەفتەدا رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکارە. ئەوەشی خستەڕوو، لەو ناوچانەی پێدانی ڤاکسین لاوازە دەرکەوتنی زنجیرەنوێیەکەی ڤاکسین بەرزە.
تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بنکەی سەرەکی رێکخراوەکە لە جنێف رایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە بەم جۆرە لە جیهاندا بەو ماوە درێژە رێژەی توشبوون رو لەکەمبوون بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەهەمان رێژەی توشبوون و بەشێوەیەکی خێرا دانەبەزیووە، بەڵکو زۆر کەمبووەتەوە، لە ئەفریقاشدا بە هۆی نەگەیشتنی بڕی پێویست لە ڤاکسین توشبوون و گیان لەدەستدان بەردەوامە.
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوەشکرد، ئەو ناوچانەی دابەشکردن و پێدانی ڤاکسینیان تێدا لاواز و سستە، زیاتر زنجیرە نوێیەکانی کۆرۆنایان تێدا بڵاودەبێتەوە.
هاوکات، سوپاسی سەرکردەکانی کۆمەڵەی حەوتی کرد کە هەفتەی رابردوو ٨٧٠ ملیۆن ژەم ڤاکسینیان بەخشییە بەرنامەی "کۆڤاکس" بۆ کۆمەکیکردنی وڵاتە هەژارەکان.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی بڵاوکردەوە، کە ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا کاریگەرن لە پاراستنی مرۆڤ لە توشبوون بە زنجیرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەو بارەیەشەوە، عەزیز شێخ بەڕێوەبەری پەیمانگای ئۆشەر بۆ پزیشکی لە زانکۆی ئەدنبرە کە خۆی یەکێکە لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە رایگەیاند، "تا ئێستا ڤاکسینەکان کاریگەرن لە روبەڕوبوونەوەی زنجیرە نوێیەکانی کۆرۆنا بەگشتی و ڤایرۆسی گۆڕاوی دەلتا بەتایبەتی".
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی توێژینەوەکان، دوو ژەم لە ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی - ئەڵمانی بە رێژەی ٧٩% کاریگەرە بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا کە بۆیەکەمجار لە هیندستاندا دەرکەوت و بەڕێژەی ٩٢% کاریگەرە بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕاوی ئەلفا کەلە بەریتانیا دەرکەوت.
لەبەرامبەردا، دوو ژەم لە ڤاکسینی ئیسترازینیکا "ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد" بە رێژەی ٧٣% کاریگەرە بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕاوی ئەلفا و ٦٠% کاریگەرە بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا.
کـ.ئـ
هـ.ئـ