سەردێڕ:

ئەحمەدی نەژاد: سەرۆکی دەزگای روبەڕوبوونەوەی ئیسرائیل لە ئێران، سیخوری ئیسرائیلە

فۆتۆ: 
2021-06-14

2442 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پێشووی ئێران رایگەیاند، بەرپرسی دەزگای روبەڕووبونەوەی ئیسرائیل لە وەزارەتی هەواڵگری ئێران سیخوری ئیسرائیلە.


مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە رایگەیاند، ئیسرائیل سەرکەوتووبوو لە سیخوری کردن بە سەر وڵاتەکەیەوە و گەورەترین چالاکی لەو بوارەدا ئەنجامداوە، داوی ئەوەی توانی بەڵگەنامەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دەزگای بۆشایی ئەسمانی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لەناوخۆی وڵاتدا "پرۆسەیەکی چڕی سیخوڕی کردنی ئیسرائیلی" بوونی هەیە، چونکە "گروپێکی ئەمنی" هەن کە پلەباڵان لە دەزگا ئەمنییەکاندا و سەربەو وڵاتەن.

ئەحمەدی نەژاد ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەو گروپە خراپەکار و گەندەڵە بەوردی ئاشکرای بکەن رۆڵیان چی بووە لە کوشتنی موحسین فەخری زادەی زانای ئەتۆمی و تەقینەوەکانی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز.

سەرۆکی پێشووی ئێران باسی لەوەشکرد، "بەڵگەنامە گرنگەکانیان لە بواری ئەتۆمی لە تورقۆزئاباد  و دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئێرانیان دزیوە و دەست ئیسرائیل کەوتوون، ئەمانە گاڵتەنین، ئەمانە بەڵگەی ئاسایشی وڵاتن و براونەتەوە دەرەوە."

لەبارەی چۆنییەتی دزین و دزەپێکردنی بەڵگەنامەکانی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئێرانەوە ئەحمەدی نەژاد ئاشکرای کرد، "بەڵگەنامەکان لە گەنجینەی نوسینگەی سەرۆکی دەزگاکەدابوون، سەقفی ژورەکە کونکراوە و چونەتەناوەوە و گەنجینەکە کراوەتەوە و بەڵگەنامەکان براون. لەبەرامبەردا ئەو گروپە گەندەڵکارە ئەمانەیان شاردووەتەوە و زانیاری هەڵەیان داوە بە وەزیری هەواڵگری و پێیان راگەیاندووە لە پەنجەرەی تەنیشت باڵەخانەی دراوسێکەیانەوە دزەیان کردووەتە ناو ژوورەکەوە و پۆلیس پێنج کەسی لێگرتوون".

ئەم لێداوانانەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووی ئێران لە دوای دوو رۆژ لە لێدوانەکانی یوسی کۆهین سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" دێت کە رایگەیاند، دەزگاکەیان توانییوەیەتی دزە بکاتە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە و بۆ ماوەی چەندین ساڵیش چاودێری موحسین فەخری زادەی زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان کردووە.

یوسی کۆهین باسی لەوەشکرد، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دا ٢٠ بەکرێ گیراوی مۆساد کە هیچ کامیان ئیسرائیلی نەبوون و هەموویان ئێستا لە ژیاندا ماون و هەندێکیان ئێرانیان بەجێهشتووە، توانیان بەڵگەنامەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن و دزەی پێبکەن.

ک.ئـ