سەردێڕ:

حکومەتی نوێی ئیسرائیل پێکهێنرا

فۆتۆ: 
2021-06-13

2502 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگیدا لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی لە بەرەی راسترەوەکان و دەسەڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ دوای ١٢ ساڵ کۆتایی پێهات.


میدیاکان ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە هاوبەشی نێوان یائییر لابید، سەرۆکی پارتی یەش ئاتید و نافتالی بێنیت سەرۆکی پارتی یەمینا پێکهێنرا، بەوەش حکومەت و حکومڕانی ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەبووە، کۆتایی پێهات.

میدیاکان ئیسرائیل رایانگەیاندووە، حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە بەهاوبەشی دەبێت و دوو ساڵ یائییر لابید و دوو ساڵەکەی تریش نافتالی بێنیت سەرۆکوەزیران دەبن.

پێشتریش نافتالی بە میدیاکانی راگەیاندبوو، ''ئەنجامدانی هەڵبژاردنی زۆر وڵاتەکە پەکدەخات و بڕیارمداوە حکومەتێکی هاوبەش پێكبهێنم."

ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای مانگی ئایاردا، سەرۆکی ئیسرائیل؛ یائیر لابیدی ئۆپۆزسیۆنی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد لە ماوەی چوار هەفتەدا.

میدیاکان راشیانگەیاندووە، بەپێی ده‌ستوری ئیسرائیل، له‌کاتی شكستھێنانی لابید لە پێكھێنانی حكومەتدا لە ماوەی چوار هەفتەدا، سەرۆك دەتوانێت داوا لە پەرلەمان بكات، لە ماوه‌ی سێ ھەفتەی تردا كاندیدێكی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت و لەکاتی شکستهێنانی پەرلەمان لەو کارەدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت.

نافتالی بێنیت کێیە؟

نافتاڵی بێنیت؛ سه‌رۆكی پارتی یه‌مینای راستڕه‌وی توندئاژۆ، تەمەنی ٤٩ ساڵە و بە بۆچوونەکانی دژ بە فەڵەستینییەکان بەناوبانگە، بێنێت لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە سیاسەتی بە جێگریی ناتانیاهو دەستپێکرد، ئێستا ئەو کەسەیە کە دوای ١٢ ساڵ، نەتانیاهو لەسەر کورسییەکەی دوور دەخاتەوە.

نه‌فتاڵی بێنێت دامەزرێنەری کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆجیایە و لەو رێگەیەوە ملیۆنێر بووە.

ئەو کاندیدەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لایەنگری لکاندنی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیل بووە و لە رابردووشدا لە کابینە جیاجیاکانی نەتانیاهودا بەرپرسیارێتی وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردەی لە ئەستۆ بووە.

هـ.ئـ