جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دایە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و رایگەیاند، ئەگەر مۆسکۆ هەر کارێکی نەرێنی ئەنجام بدات، ئەوا ئێمە بەشێوەیەکی پڕمانا و سەقامگیر وەڵامی دەدەینەوە.
جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی G7 گەیشتە ناوچەی کۆرنواڵ لە بەریتانیا.
ئەمەش یەکەم گەشتی جۆ بایدنە بۆ دەرەوەی ئەمریکا و بڕیارە لە میانی گەشتەکەی بۆ کیشوەری ئەوروپا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام بدات.
سەرۆکی ئەمریکا، دەربارەی ئەم کۆبوونەوەیە رایگەیاند، "ئەو شتانەی پێدەڵێم کە پێویستە بیانزانێت".
جۆ بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا هەوڵ نادات لەگەڵ روسیا، گرژی بکەوێتە نێوانیان و وتی، "ئێمە پەیوەندییەکی سەقامگیرمان دەوێت، بەڵام ئەگەر حکومەتی روسیا هەر کارێکی نەرێنی ئەنجام بدات، ئەوا ئەمریکا بەشێوەیەکی پڕمانا و سەقامگیر وەڵامی دەداتەوە، ئەمەشمان لە ماوەی رابردوودا نیشانداوە".
سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی پابەندی واشنتۆن بە هاوپەیمانی ناتۆ وتی، "پابەندیمان وەک تاوێرەبەرد جێگیرە".
سەرۆکی ئەمریکا لە ١٠ی حوزەیراندا کە یەکەم رۆژی گەشتەکەی بوو و لەگەڵ بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە و بڕیاریش بوو ئەمڕۆ چاوی بە شاژنی ئەو وڵاتە ئەلیزابێسی دووەم بکەوێت.
جۆ بایدن، دوای بەریتانیا دەچێتە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا و بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دەکات کە بڕیارە لە ١٤ی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت، لە میانی ئەم کۆبوونەوەیەشدا بایدن یەکەم کۆبوونەوەی روبەڕوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا، ئەنجام دەدات.
مـ. کـ
هـ.ئـ