سەردێڕ:

بێژەرێکی ئەمریکی بۆ پوتین: ئایا تۆ بکوژی؟ پوتینیش وەڵامدەداتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-13

9722 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا لە وەڵامی پرسیاری بێژەرێکی کەناڵی NBCی ئەمریکی کە بە راشکاوی لێی پرسی، "جەنابی سەرۆک تۆ بکوژی؟" پوتین رایگەیاند، "راهاتووم لەسەر ئەوەی زۆر هێرشکراوەتە سەرم، ئەم شتانەم بۆ گرنگ نییە و نیگەرانم ناکەن."


پێش سازدانی لوتکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لەم هەفتەیەدا لە جنێفی پایتەختی سویسرا، کیر سیمونز بێژەری کەناڵی NBCی ئەمریکی بەراشکاوی لە پوتینی پرسی، "جەنابی سەرۆک تۆ بکوژی؟" لە وەڵامدا پۆتین وتی، "لەماوەی دەسەڵاتداریمدا راهاتووم لەسەر هێرشەکان بۆ سەرم لە گۆشە و ناوچە جیاوازەکانەوە و بە بیانوو و هۆکاری جۆراوجۆر، بەڵام هیچ کام لەمانە بۆ من شتێکی چاوەڕننەکراو نەبوون."

لە درێژەی وەڵامەکەیدا وتیشی، "ئەم بابەتە نیگەرانم ناکات و بۆم گرنگ نییە، ئەمە رێک وەک ئەو وشەیە وایە کە لە هۆڵیود پێی دەوترێت خاوەن ماسولکەی بەهێز و دەستوەشێن".

مانگی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی  ئەی بی سی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، "سەرۆکی روسیا بکوژە و باجەکەشی دەدات"، ئەمە دوای ئەوەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڤلادیمیر پۆتینیان بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبارکرد.

لە بەرامبەردا و لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی NBCدا پوتین لەبارەی جۆ بایدنەوە رایگەیاند، "بایدن زۆر لە ترەمپ جیاوازترە، ئەو لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا خەریکی سیاسەت بووە و پێگەیشتووە، هەر بۆیە پێشبینی ناکرێت هەنگاوی هەڵەشانە بنێت."

پوتین لەبارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە ئاماژەی بەوەدا، "ترەمپ کەسێکی جیاواز و لێهاتووە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆشکی سپی و کرملن رایانگەیاند، لە رۆژی ١٦ی ئەم مانگەدا لوتکەی نێوان جۆ بایدن و ڤلادیمێر پوتین لە جنێفی پایتەختی سویسرا بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش یەکەم دیداری نێوان بایدن و پوتینە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بایدنەوە.

لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٩ دوای ئەوەی بۆڵس یەڵسن سەرۆکی ئەوکاتی روسیا دەستی لەکارکێشایەوە، ڤلادیمێر پوتینی جێگری جێگەی گرتەوە و لە هەشت ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیدا ئابوری روسیا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی قرمی خستەسەر روسیا و هێزی سەربازی رەوانەی بەشی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا کرد و بەمەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزتربوون.