سەردێڕ:

هاوڵاتیانی ئێران دەتوانن لەم شارانەی هەرێم دەنگ بدەن

فۆتۆ: 
2021-06-12

3685 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە ١٨ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەبچێت و باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە عێراق، شەش شاری عێراقی دیاریکردووە تا هاوڵاتیانی ئێرانی دەنگ بدەن تیایاندا، کە دووانیان شاری هەرێمی کوردستانن.


ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی هەریەک لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف و کەربەلا و بەسرەی دیاریکردووە بۆ ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانەی نیشتەجێی عێراقن تا لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا دەنگ بدەن.

ئیرەج مەسجیدی ئاماژەی بەشداوە، ئێرانیەکانی نیشتەجێی عێراق لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان دەتوانن رووبکەنە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەو شەش شارە و دەنگ بدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا دەیەوێت ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی بەشداری دەنگدان بکەن، دەشڵێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەکان سندوقی دەنگدان ئامادەدەکرێت و بەشێوەیەکی شەفافانە.

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە ٢٨ی ئایار دەستپێکرد و تا ١٦ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لە ١٨ی  ئەم مانگە "حوزەیران" دەرگای بنکەکانی دەنگدان بە رووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران؛ لە دوای روخانی دەسەڵاتی رەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٨٠دا دامەزراوە، کە سیستمی حکوم لەو وڵاتە لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕا و لەوکاتەشەوە ١٢ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچووە و حەوت کەسیش پۆستی سەرۆککۆماری ئێرانیان لەو ماوەیەدا بەڕێوەبردووە.