سەردێڕ:

بە گوێرەی راپرسیەکی یۆن ئەیلیم ئەردۆغان و پارتەکەی پێگەی جەماوەریان دابەزیوە

فۆتۆ: 
2021-06-12

1797 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی (یۆن ئەیلیم) بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، پێگەی جەماوەریی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتەشدا رێژەی دەنگەکانی کەمدەبێتەوە.


لەراپرسییەکەدا هاتووە، هاوپەیمانی (کۆماری) کە لە هەریەک لە پارتی داد و گەشەپێدانی حزبی دەسەڵاتداری تورکیا و بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا پێکهاتووە، بەهۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە و لە نێویشیاندا قەیرانی دارایی، رێژەیەکی زۆری دەنگەکانیان لەدەستدەدەن.

راپرسییەکە، بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک کلیپ و گرتەڤیدۆیی لەلایەن گەورە مافیای تورکیا سەدات پەیکەرەوە، کە بە گوێرەی لێدوانەکانی پەیکەر، زنجیرەیەک "تاوان و کارە ئابڕوبەرانەکانی" سەرۆکی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی تورکیای ئاشکراکردووە، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا هەیە.

بەگوێرەی داتاکانی راپرسییەکە، بەشێوەیەکی گشتی جیاوازی نێوان هاوپەیمانی (کۆماری) حوکمڕان و هاوپەیمانی (میللەت)ی ئۆپۆزسیۆن  کە لە ژمارەیەک حزبی ئۆپۆزسیۆن پێکهاتووە و لە نێویشیاندا پارتی گەلی کۆماری و پارتی بەخشین لەخۆدەگرێت، تەنها یەک خاڵە.

بەگوێرەی راپرسییەکە، هاوپەیمانی (کۆماری) رێژەی ٣٨،١%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانی (میللەت) کە گەورەترین هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە رێژەی ٣٧،٣% ی دەنگەکانی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە، هەرچی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە کە تاکە حزبی کوردی ئۆپزسیۆنە و بەشداری هیچ هاوپەیمانییەتییەکی نەکردووە، رێژەی ١٣،٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا، رێژەی ٧،١%ی دەنگدەرانیش بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن و رێژەی ٤،٣%ی بەشداربووانیش رەتیانکردەوە کە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکەش، هاوپەیامنێتییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە حزبی فەرمانڕەوای تورکیایە رێژەی ٣٨،١%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا رێژەی ٤٢،٢%ی بەشداربووان دەنگیان بە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن داوە. سەرباری ئەمەش، رێژەی ٧٥%ی بەشداربووان لەو بڕوایەدابوون کە دۆخی تورکیا بەراورد بە ساڵی پار خراپتر بووە و ٥٠%ی بەشداربووانیش لەو بڕوایەدابوون کە دۆخی تورکیا لەساڵی داهاتوودا خراپتر دەبێت.

رۆژی ١٧ی ئازاری ئەمساڵ، داواکاری گشتی تورکیا دۆسیەیەکی بە ئامانجی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رەوانەی دادگای باڵای دەستوری تورکیا کرد و نزیکەی دوو ساڵیشە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و دەیان سەرکردە و پەرلەمانتاری ئەو حزبە بەتۆمەتی بانگەشەی تیرۆرو پشتیوانی لە پەکەکە دەستگیرکراون.

بڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣دا، هەڵبژاردنی گشتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت، هەندێک لە چاودێرانیش لەو بڕوایەدان کە هەڵبژاردنەکە لەو وادەیەدا ئەنجام نادرێت و پێشدەخرێت، ئەمەش بەهۆی دۆخی سەختیی ئابووری و ئەو قەیرانانەی دیکەی روبەڕوی تورکیا بوونەتەوە.

نـ. غـ