سەردێڕ:

سعودیە بڕیاری کۆتایی لەبارەی حەجی ئەمساڵەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-06-12

17672 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی کۆرۆنا گۆڕاوەکان، ئەمساڵ ٦٠ هەزار کەس دەتوانن فەریزەی حەج ئەنجامبدەن و مەرجە کە نیشتەجێی ئەو وڵاتە بن.


بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن ناوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار بکەن، دەبێت باری تەندروستیان جێگیربێت و ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرت بێت یان ١٤ رۆژ بەسەر وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیدا تێپەڕبووبێت یان پەتای کۆرۆنای تێپەڕاندبێت.

دەشڵێت، ئەو کەسانەی دەتوانن حەج بکەن دەبێت تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٥ ساڵ بێت و نەخۆشی درێژخایەنیان نەبێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پابەندکردن و سنوردارکردنی ژمارەی حاجیان لە پێناو پاراستنی دۆخی تەندروستییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن حاجی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودییە دەکەن، بەڵام لە ساڵی رابردوووەوە بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج راگیرا، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی سعودیە رێگەیاندا هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان بە رێژەیەکی دیاریکراو و بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزییەوە هەردوو مەراسیمی حەج و عەمرە ئەنجامبدەن.

کـ.ئـ