یۆسی کۆهین بەپرسی پێشویی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا ئۆپەراسیۆن و هەوڵە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران ئاشکرادەکات.
لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، یۆسی کۆهین بەرپرسی پیشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) باسی یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی کردووە بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ٢٠ ئەندامی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی بووە و لەسەر زەوی بەشدارییانکردووە، باس لەوەدەکات، هیچ یەکێکیان هاوڵاتیی ئیسرائیلیی نەبوون، خودی یۆسی کۆهینیش لە تەلئەبیبەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە.
یۆسی کۆهین ئەوەشی ووتوە، لەو ئۆپەراسیۆنەکەدا ناوەندێکی زانیاریی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و تیایدا زیاتر لە ٣٠ دۆکیۆمێنتی گرنگی ئێرانیان دەستبەسەدراگرتووە و ئەندامانی ئۆپەراسیۆنەکەش بەسەرکەوتوویی و بەبێ زیان کارەکانیان ئەنجامداوە.
هەرچەندە پێشتر ئیسرائیل بە ئاشکرا دەسەتبەسەرداگرتنی چەندین دەیان هەزار دۆکیۆمێنتی تایبەت بە وێستگە ئەتۆمییەکانی باسکردووە، بەڵام زیاتر لەوەش، بەرپرسی پێشووی ئیسرائیل بۆیەکەمجار تەقینەوە گەورەکەی مانگی تەمموزی پارساڵی وێستگەی ئەتۆمی ناتانزی ئێرانی بەفەرمیی پشڕاستکردەوە و وتی، "بەباشی ئاگاداری شوێنی وێستگە ئەتۆمییەکە و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بووە"، جەختی لەوەشکردووەتەوە، "ئەو ئامێرانەی کە یۆرانیۆمیان بەرهەم دەهێنا، لە ئێستادا ناتوانن بەباشی کاربکەن."
لەگەڵ ئەوەشدا، بابەتی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران موحسین فەخریزادە یەکێک بوو لە پرسەکانی چاوپێکەوتنەکەی بەرپرسی پێشووی دامەزراوەکە، کۆهین بەبێ ئەوەی پشتڕاست یان رەتیبکاتەوە کە وڵاتەکەی دەستی لەکوشتنیدا هەبووە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زانا ئێرانییە "بۆ ماوەی چەندین ساڵ" ئامانجی ئەوان بووە و "توانا زانستییەکەی" بەلای ئەوانەوە گرنگ بووە.
یۆسی کۆهین لەبارەی زانا ئەتۆمییەکەشەوە ئەوەی وتووە، "ئەگەر کەسێک ژیانی ئیسرائیلییەکان بخاتە مەترسییەوە، ئەوا پێویستە بوونی بسڕدرێتەوە."
لە ماوەی رابردوودا، یوسف کۆهین کۆتایی بە ئەرکەکەی وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل هێنا، پاش ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بەڕێوبەرایەتی ئەو دەزگایەدا بوو، لەبری ئەویش دایڤید بارنیا وەک بەڕێوەبەری نوێی دەزگاکە دەستبەکاربوو.
یۆسی کۆهین لەساڵی ١٩٦١دا لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٨٢شەوە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ەوە کردووە، لەساڵی ٢٠١٦ـەوە تا ٢٠٢١ بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بووە.
ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیل راستەوخۆ وابەستە بە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە و ئەو بڕیار دەدات کە کێ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەزگاکە بەڕێوەببات، هیچ پەسەندکردنێکی کابینەی حکومی یان کنیستێکی ئەو وڵاتەی پێویست نییە.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری ئیسرائیلە و لە ١٣ی ١٢ی ١٩٤٩ـەوە دامەزراوە و نزیکەی (حەوت هەزار کارمەند)ی هەیە و بودجەی ساڵانەشی ٢.٧٣ ملیار دۆلارە، دەزگایەکی گرنگ و چالاکیی کردە سیخورییەکانی جیهان و ناوچەکەیە.
نـ.غـ
هـ.ئـ