سەردێڕ:

​ناونانی منداڵێک کێشە دەخاتە ناو خانەوادەی شانشینی بەریتانیا

فۆتۆ: 
2021-06-11

8257 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاش ئەوە شازادە هاری و مێگانی هاوسەری بڕیاریان داوە منداڵی دووەمیان ناو بنێن Lilibet، کە نازناوی شاژنی ئێستای بەریتانیایە و ئەمەش نیگەرانی لە نێو خانەوادەی شانشینی بەریتانیا درووستکردووە و هەندێک لە میدیاکانیش، ناوەکە بە قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێو خانەوادەی شانشینی بەریتانیا دادەنێن.


لەوبارەیەشەوە ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، شازادە هاری و هاوسەرەکەی راوێژییان بە شاژنی بەریتانیا کردووە و هەردووکیشیان دەڵێن، "شاژن خۆشحاڵیی و نزای سەرکەوتنی بۆ منداڵەکە دەربڕیوە لەبارەی ناوەکەیەوە".

جۆننی دایمۆند، پەیامنێری خێزانەی شاهانەی بی بی سی باسی لەوەکردووە، "شاژنی بەریتانیا تایبەت بە ناوەکە راوێژی پێنەکراوە". هەرچەندە ناوی سەرچاوەکەشی بە نهێنی هێشتوەتەوە، دایمۆند جەختی لەوەکردوەتەوە، کە شازادە و هاوسەرەکەی داوای مۆڵەتیان لەشاژن نەکردووە بۆ ناوەکە و هیچ مۆڵەتێکیشیان لەوبارەیەوە پێنەدراوە.

پەیوەندییەکانی شازادە و هاوسەرەکەی لەگەڵ خێزانی شاهانەی بەریتانیا لە پرۆگرامێکی چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و تیایدا مێگان باسی لەوەکرد، پێش لەدایکبوونی یەکەم منداڵیان(ئارچی) نیگەرانییەکان لەلایەن ئەندامێکی خێزانی شاهانەوە بەرزبووەتەوە، لەبارەی ئەوەی پێستی منداڵەکە رەش بێت. جەختی لەوەشکردوەتەوە، "خێزانەی شاهانەی بەریتانیا نەیتوانیوە یارمەتی بدات کاتێک هەستی بەوەکردووە پێویستە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت".

نازناوی Lilibet بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٢٠ەکاندا بەکارهێنرا کاتێک کە شازادە ئەلیزابێس لەسەرەتای فێربوونی قسەکردندا بوو و نەیدەتوانی بەهۆی تەمەنی منداڵییەوە بەباشی ناوەکەی خۆی بهێنێت.

 

شازادە هاری، لە دایكبوی ساڵی ١٩٨٤ و دووەمین شازادەی جێنشینی شانشینی بریتانیایە، لە ئایاری ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ مێگان ماركڵ، ئەکتەری پێشوی ئەمریكی کە لەدەرەوەی خانەوادەی شاهانەی بەریتانیایە هاوسەرگیری ئەنجامداوە.

مێگان ماركڵ، بە رەگەز ئەمریكی و لە دایكبووی ساڵی ١٩٨١، چالاكوانی بواری ژنان و كۆمەڵایەتیە و لە ماوەی رابردودا لە چەندین زنجیرە فیلمی ئەمریكیدا رۆڵی بینیوە، لە ئێستادا شازادەی سەسكس-ی بریتانیا و هاوسەری شازادە هاری-ە.

ن. غـ