سەردێڕ:

کچەکەی قاسم سولەیمانی خۆی بۆ شارەوانی تاران کاندیدکرد

فۆتۆ: 
2021-06-10

6269 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە، کچە گەورەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی شاری تارانی پایتەخت کاندیدکردووە.


ماڵپەڕی فارس نیوز ئاشکرایکرد، نێرگس سولەیمانی کچە گەورەی قاسم سولەیمانی خۆی وەک کاندیدی لیستی هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕشی ئێران تۆمارکردووە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، شارەوانی تاران لە ٢١ ئەندام پێکهاتووە و نێرگس قاسم سولەیمانی یەکێکە لە کاندیدەکان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رێککەوتی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت.

No description available.

قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران یەکێکبوو لە کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران کە ماوەی چەند ساڵێک لە رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری هەبوو.

قاسم سولەیمانی لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٥٧ لە شارەدێی رابور لە ویلایەتی کرمان لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کردووە و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بەشداری شەڕی ئێران ـ عێراقی کردووە و بووەتە فەرماندەی لیوایەک بە ناوی "تۆڵەی خودا" و دواتر هەڵبژێردراوە لە ریزی ١٠ فەرماندەی کاریگەری ئێراندا.

لە ساڵی ١٩٩٩ و کاتێک "شۆڕشی خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئێران" دەستیپێکرد، قاسم سولەیمانی هەڕەشەی لە محەمەد خاتەمى سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران کرد کە ئەگەر خۆپیشاندانەکە سەرکوت نەکات ئەوا سوپای پاسداران ئەو کارە دەکات و کودەتا لە دژی دەکات.

هاوکات، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ قاسم سولەیمانی دەستی هەبووە لە مەشقکردن بە هەزاران چەکدار لە بۆسنە و ناردنیان بۆ ئەفغانستان، لەو کاتەدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئێران و تاڵیباندا هەبووە.

لە ساڵی ٢٠١١ پلەی سەربازی سولەیمانی لە لیواوە بۆ فەریق لەلایەن عەلی خامنەییەوە بەرزکرایەوە و لە دوای کوژرانەکەشی خامنەیی نازناوی "شەهیدی زیندووی" لێنا.

لە رێککەوتی ٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە بۆردومانێکى فڕۆکەکانی ئەمریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.