رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی ئاڕاستەی حەشدی شەعبی کرد و تیایدا هاتووە، ناوبانگی جیهاد و موجاهیدان لە مەترسیدایە، دەشڵێت، "هەمووتان هەڵەدەکەن، بەڵام باشترینتان ئەوانەن دانی پێدادەنێن و پەشیمان دەبنەوە."
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامەکەیدا کە ئاڕاستەی حەشدی شەعبی کردووە دەڵێت، "تێکۆشان و بەرگریمان کە گیانی خۆمانی لەسەر دادەنێین تەنیا لە پێناو خودا و یەکڕیزی گەلە"، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، "ناوبانگی جیهاد و موجاهیدەکان لە مەترسیدایە، هەموو لایەک بەرپرسن پارێزگاری لێبکەن و بێ جیاوازی تائیفی خزمەتی نیشتیمان و گەلی عێراق بکەن."
موقتەدا سەدر دەشڵێت، "نە ئێمە و نە ئێوە کەسمان مەبەستمان دنیا نییە و کەسیشمان بانگەشەی ئەوەمان نەکردووە کە هەڵە ناکەین، هەمووتان هەڵە دەکەن، بەڵام باشترینتان ئەوانەن دانی پێدادەنێن و پەشیمان دەبنەوە."
حەشدی شەعبی؛ هێزێكی چەكداری شیعەیە و ژمارەی چەكدارەكانیان بە نزیکەی ١٢٠ هەزار چەكدار هەژماردەكرێت، کە دوای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی عێراق بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش دروستبوون، بەڵام دواتر خرانە ریزی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە چاودێران پێیانوایە، حەشدی شەعبی پابەندی بڕیارەکانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان نەبوون و وەک هێزێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکەن.
ک. ئـ