سەردێڕ:

سبەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی G7 باس لە چی دەکرێت؟

فۆتۆ: 
2021-06-10

1582 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەی ٤٧ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی G7 ئەنجام بدرێت و لە نێوان ١١ تا ١٣ی ئەم مانگە بخایەنێت، کە لەلایەن بەریتانیاوە میوانداری دەکرێت.


ئەو پرسانەی لە لوتکەی G7  باس دەکرێت

بەگوێرەی راپۆرتێکی BBC، لە چوارچێوەی ئەنجامدانی لوتکەی G7دا "تەواوی پرسە جیهانییەکان" بەشێوەی تایبەت و دوور لە چاوی کامێراکان و رای گشتی ئەنجامدەدەرێت، لەپاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لوتکەکەش، لەرێگای لیژنەیەکەوە سەرجەم بڕیارەکانی کۆمەڵەی G7 بۆ هەموو لایەک ئاشكرادەکرێت.

روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لەسەرهەڵدانی ڤایرۆسی دیکە لەداهاتوودا، دابەشکردنی رێژەی زیاتری ڤاکسین، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سروشتی زەوی و پەرەدان بە بازرگانی هاوبەش و ئازاد گرنگترین ئەو پرس و بابەتانەن کە لە چوارچێوەی ٤٧ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی G7دا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

کۆمەڵەی G7 چییە؟

کۆمەڵەی حەوت یان G7، پێکهاتووە لە ئەندامێتی حەوت وڵاتی زلهێز، پێشکەوتوو و خاوەن ئابوری بەهێزی جیهان، لەهەریەکە لە بەریتانیا، ئەمریکا، یابان، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا پێکهاتووە، لەساڵی ١٩٧٦دا دامەزرا و لەسەرەتادا ناوی G6 واتە کۆمەڵەی شەش بوو، دواتر بە بەشداریکردنی کەنەدا ناونرا G7 کۆمەڵەی ٧.

هەموو ساڵێک وڵاتان لەسەرانسەری جیهانەوە بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی وەک میوان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربن، لەمساڵیشدا وەک سەرۆکی کۆبوونەوەکە بۆریس جۆنسن سەرکردەی وڵاتانی ئوستورالیا، هندستان، کۆریای باشور و ئەفریقای بانگهێشتی کۆبوونەوەی لوتکەی G7 کردووە، نزیکەی ١١ کەس لەو سەرۆکانەی جیهانیش نوێنەرایەتی زیاتر لە ٦٠%ی (زیاتر لە ٢.٢ ملیار کەس) دەکەن لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندا.

لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، حەوت پرۆگرامی حکومی نوێ کە بوارەکانی ئابوری، ژینگەیی، تەندروستی، بازرگانی، تەکنۆلۆژیی، گەشەسەندن و پرسەکانی سیاسەتی دەرەکی لەخۆدەگرێت پێکدەهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا شەش گروپی هاوبەشی سەر بە G7 دروست دەکرێت بەمەبەستی پێدانی راوێژ لەسەر پرسەکانی گەنجان، ژن، زانست، کۆمەڵگای مەدەنی، کار و کرێکار، بەو حەوت پرۆگرامەی سەرەوە.

کێ بەشداری لە لوتکەی G7دا دەکات؟

لەکۆبوونەوەی لوتکەی G7ی ئەمساڵدا، بڕیارە هەریەکە لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، یۆشهیدی سوگا سەرۆکوەزیرانی یابان، جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەشداری لە لوتکەکەدا دەکەن.

بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپی دۆخی وڵاتەکەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندنستان سەردانی بەریتانیا ناکات و لەرێگای ئۆنلاینەوە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.

کەی و لەکوێ کۆبوونەوەی لوتکەی G7 بەڕێوەدەچێت؟

بڕیارە سبەینێ هەینی، ٤٧ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی G7 لە ئۆتێلی (Carbis Bay) لەسەر کەناراوەکانی کۆرنیش لە بەریتانیا بەڕێوەبچێت و لە  ١١ی حوزەیران تا ١٣ی حوزەیران بخایەنێت.

بۆ یەکەمجاریش لە دوای دروستبوونیەوە ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامدانی لوتکەی G7 دواخرا.

نـەورەس غەریب