بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژى دژی موسڵمانانی بۆسنە، دادگای لاهای نێودەوڵەتی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ژەنەراڵێکی پێشووی سڕبیادا سەپاند.
ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژووری تێهەڵچوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە دادگاى لاهای رۆژى ٨ی ئەم مانگە، سزای زیندانی هەتاهەتای بەسەر راتکۆ ملادیچ فەرماندەی سەربازیی پێشووى سربیا پەسەندکرد.
باسی لەوەشکردووە، سزاکە بڕیاری کۆتایی دادگای وەرگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای تێهەڵچوونەوە داوایەکی تیمی بەرگری ئەو ژەنەراڵە ٧٨ ساڵیەی رەتکردەوە کە داوای پێداچوونەوەی بە سزاکەدا کردبوو.
ئاژانسی رۆیتەرز روونیشیکردووەتەوە، ژەنەراڵەکە لەلایەن دادگای لاهایەوە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی مرۆڤایەتی و تاوانى جەنگی بۆسنەی نێوان ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٥ی دراوەتە پاڵ.
ناوبراو تاوانبارکرا بە سەرپەرشتیکردنی کوشتنى هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنە و گەمارۆدانی سەرایڤۆی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی ٤٣ مانگ، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١١ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راتکۆ ملادیچ دوای ١٦ ساڵ هەڵهاتن ساڵی ٢٠١١ دەستگیرکرا و دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا سزای زیندانی هەتاهەتای بەسەردا سەپێنرا.
جەنگی بۆسنە و هەرسک لە ساڵى ١٩٩٢ دەستیپێکرد و لە ساڵی ١٩٩٥ کۆتاییهات، بەگوێرەی وتەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار موسڵمان کۆمەڵکوژکراون.