ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی ماددە خۆراکییەکان لە نێوان شاری کەرج و قەزوین لە باشوری تارانی پایتەختی ئێراندا کەوتەوە و بەوهۆیەشەوە ٢٤ کەس بریندار بوون.
بەڕێوەبەری ناوەندی فریاکەوتنی خێرا لە پارێزگای ئەلبورزی نزیک لە تاران رایگەیاند، لە کارگەیەکی ماددە خۆراکییەکان لە نێوان شارەکانی کەرج و قەزویندا ئاگرێک کەوتووەتەوە و بەوهۆیەشەوە ٢٤ کەس برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوابەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەشیان داوە.
رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو، تەقینەوەیەک لە کۆمپانیایەکی پترۆکیمیایی لە ناوچەی عەسلوەییەی لە باشوری ئێراندا روویداوە، بەوهۆیەشەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دووانی دیکەش برینداربوون.