لە ویلایەتی سند لە باشوری پاکستان لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر ٣٠ سەرنشین گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی وڵاتی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ویلایەتی سند لە باشوری پاکستان لە ئەنجامی لادانی شەمەندەفەرێک لە رێڕەوەکەی خۆی کێشاوە بە شەمەندەفەرێکی دیکەدا و لە ئەنجامدا ٣٠ سەرنشین گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانی فریاکەوتن توانیویانە بریندارەکان بگەیەننە نزیکترین نەخۆشخانەی ناوچەکە، دەشڵێت، ژمارەیەک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.
پۆلیس راشیگەیاند، هەشت فارگۆنی یەکێک لە شەمەندەفەرەکان بە تەواوەتی تێکشکاون و ئەمەش وایکرد ببنە لەمپەر لەبەردەم رزگارکردنی بەشێک لە سەرنشینەکان.
رووداوی پێکدادانی شەمەندەفەر لە پاکستان لە ساڵانی رابردووشدا چەند جارێک روویداوە و بەوهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.