سەردێڕ:

لە تویتێکدا؛ ئەردۆغان سوپاسێک و هەڕەشەیەک دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-06

25278 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی ئەو لایەنانە دەکات، کە لە بۆردومانکردنی کەمپی مەخموردا رۆلیان هەبووە و وتووشییەتی، "رێگە بە هیچ نەیارێکمان نادەم کەمپی مەخمور وەکو پەناگەیەک بۆ گروپە چەکدارەکان بەکاربهێنن."


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە تویتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "بەناوی تورکەکانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە رۆڵیان لە بۆردومانکردنی کەمپی مەخموردا هەبووە."

ئاماژەی بەوەشداوە، "رێگە بە هیچ رێکخراوێک و نەیارێکمان نادەم کەمپی مەخمور وەکو پەناگەیەک بۆ گروپە چەکدارەکان بەکاربهێنن و بەردەوام دەبین لە دژایەتی کردنیان."

باسی لەوەشکردووە، "هێزەکانمان توانیویانە سەلمان بوزقیر بەرپرسی کەمپی مەخموری ئاوارەکانی پەکەکە بکوژن"، کە ئەردۆغان وەکو سەرکردەیەکی ئەو گروپە چەکدارە ناوی هێناوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر کەمپی مەخموور، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

کەمپی مەخمور؛ دەکەوێتە نزیک قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێرە، لەساڵی ١٩٩٤ەوە ژمارەیەک خێزانی کوردی باکوری کوردستان لەو کەمپەدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانەکەشی بە ١٢ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.