سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکور بەخێرایی دەتوێنەوە

فۆتۆ: 
2021-06-05

5753 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆی یونڤیرسیتی کۆلێج لەندەن لە نوێترین توێژینەوەیدا ئاشکرایکردووە، کە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوری گۆی زەوی بەشێوەیەکی خێرا و دوو هێندەی جاران دەتوێننەوە و "گۆڕانی کەشوهەوا" بەهۆکاری سەرەکی توانەوەی بەستەڵەکەکە لەقەڵەم دەدات.


بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە، لە ئێستادا بەستەڵەکەکانی باکوری گۆی زەوی بەرێژەی ٧٠٪ تا ١٠٠٪ خێراتر دەتوێنەوە، ئەمەش پێچەوانەی خەمڵاندنەکانی رابردوو بوو کە بۆ دۆخی ئێستای بەستەڵەکەکانی جیهان دەکرا.

لە توێژینەوەکەدا کە زانکۆی یونیڤیرسیتی کۆلیج لەندەن ئەنجامیداوە و لە رۆژنامەی کریستۆفەری جیهانی بڵاوکراوەتەوە، توێژەران نەخشە و ئامێری نوێیان لە دەستنیشانکردنی ئاستی ئەستوری ناوچە سەهۆڵبەندەکانی باکوری زەویدا بەکارهێناوە و تیایدا بۆیان دەرکەوتووە، لەماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر توانەوەی ناوچە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوری زەوی هەبووە.

ئەستوریی رێژەی سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوری زەوی، لەرێگای بەرزیی بەستەڵەکەکانەوە لەسەر ئاستی دەریاوە خەمڵێندراوە و لەوبارەیەشەوە، روبی مالیت کە خوێندکاری دکتۆرایە و سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو رێکارانەی کە لەرابردوودا بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی بەستەڵەکەکان بەکاردەهێنرا بۆ دوو دەیە پێش ئێستا دەگڕێتەوە و پێویستە بە رێکاری سەردەمیانە خەمڵاندن بۆ بەستەڵەکەکان بکەین."

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گۆڕانی کەشوهەوا، بڕینەوەی دارودرەختەکان، دەردانی بڕێکی زۆری گاز و دوکەڵ لەلایەن کارگەکانەوە هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی زەوین و ئەمەش کاریگەری لەسەر تواندنەوەی بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکور کردووە و بەگوێرەی توێژینەوەیەکیش، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ تاوەکو ٢٠٠٠، تەنیا سێ ساڵ پلەی گەرما تاوەکو راددەیەک بەرزبووەوە، بەبەراورد بەو رێژەیەش، لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکو ٢٠٢٠ نزیکەی هەشت جار بەرزبووەتەوە.