سەردێڕ:

پۆتین بە کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن گەشبین نیە

فۆتۆ: 
2021-06-05

943 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رووسیا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا رایگەیاند، لە دۆخێکی خراپدان. هاوکات، دەشڵێت، "لەبارەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن چاوەڕێی بەرەوپێشچوونی زۆر گەورە ناکەم".


ڤلادەمیر پوتین، سەرۆکی روسیا  لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پترسبورگ کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رووسی (TASS)ەوە رێکخرابوو، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا و  هەڵسەنگاندنی دۆخەکەوە رایگەیاند، "پەیوەندییەکان لە دۆخێکی خراپدان".

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەردوو وڵات رێز لەیەک بگرن و بەرژەوەندییەکانی یەکتر لەبەرچاو بگرن، وتیشی، "ئەوەی وای کردوە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا بکەونە ئەم دۆخەوە، ئێمە نین".

لە بارەی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیارە لە ١٦ی حوزەیراندا ئەنجامیبدات و ئاماژەی بەوەدا، "دەربارەی ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە چاوەڕێی بەرەوپێشچوونی زۆر گەورە ناکەم. هەرچەندە رووسیا دروستکەری کێشەکان نییە، بەڵام هەندێک بەرژەوەندی دژبەیەکمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە".

هاوکات، ڤلادەمیر پوتین سەرۆکی رووسیا، جۆ بایدن-ی بە سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزموون وەسف کرد و هیواشی خواست کۆبوونەوەکەی نێوانیان ئەرێنی بێت.