شارەزایانی شوێنەوار لە ئەمریکا و مەکسیک ئاشكرایانکرد، کە شوێنەواری ژیانیی مرۆڤیان لە هەردوو ئەمریکای باکور و باشور دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ ٣٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ماڵپەڕی ساینس ئالیرت بڵاویکردەوە، کە شوێنەوارناسان لە گەڕان و پشکنینەکانیاندا تەکنیکی پێشکەوتوویان بۆ دەستنیشانکردنی تەمەنی ئەو پارچە ئێسک و پروسکانە ئەنجامداوە کە لە ئەشکەوتی 'کوککتلان' لە دۆڵی تەهواکانی مەکسیکدا نێژراون بەکارهێناوە.
توێژینەوەکە لەلایەن ئەندر سۆمربیلی شارەزای بواری شوێنەوارناسی لەزانکۆی حکومی ئایۆوای ئەمریکا سەرپەرشتی کراوە و لەوبارەیەشەوە ناوبراو دەڵیت، "تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک لەم ئەشکەوتەدا مێژوویەکی کۆنی مرۆڤایەتیمان دۆزیەوەتەوە، ئەمەش وامان لیدەکات بە وردی بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو پارچە شوێنەوارانەی دیکە کە لەو ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە."
لە گەڕان و پشکنینەکانیاندا، توێژەران گەشتن بە ئەنجامێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر کاتێک بۆیان دەرکەوت کە بوونی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا بۆ ٣٣ هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە، واتە پێش هەزاران ساڵ لە پێش بەستنی ناوچە بەستەڵەکییەکان.
دۆڵی تەهواکان، نزیکەی ١٥٠ هەزار هێکتار درێژە و بە "کتێبی مێژوو" ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنەوارێکی کلتوری و سروشتی دەوڵەمەند لەخۆدەگرێت و لەلایەن رێکخراوی یونسکۆشەوە بەیەکێک لە شوێنە گرنگەکانی بواری شوێنەوار دادەنرێت لە جیهاندا.