میدیاکان راپرسیەکی ناوەندی راپرسی خوێنداکارانی ئێرانیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ٣٤٪ی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەنیازن بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بکەن و ٣٢٪یان بەتەواوەتی بایکۆتیان کردووە.
میدیاکان رایانگەیاندووە، ناوەندەکە راپرسیەکەی لە ٣٠ی مانگی ئایار بۆ ١ی حوزەیران بەپێی ستانداردی زانستی و ژمارەی دانیشتوانی ئێران ئەنجامدراوە، ئاماژەیان بەوەشداوە، پێنج هەزار و ١٥٩ کەس لە گوندەکان و شارەکان و شەقامەکاندا بەشدارییان کردووە.
لەوەڵامی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، تەنیا ٣٤٪ی هاوڵاتیان بە دڵنییاوە دەنگدەدەن و ٧٪یان لەوانەیە بەشداری بکەن و ١٦٪ تاوەکو ئێستا بڕیاڕیان نەداوە و ٨٪یان دڵنیا نین دەنگدەدەن و ٣٢٪شیان بایۆکتیان کردووە.
هاوکات، بەپێی راپرسیەکە، ٥٠٪ی بەشداربووان لە رەگەزی نێر و ٤٩٪یان لە رەگەزی مێ بوون، ٢٦٪ لە هاوڵاتیان تەمەنیان لەنیوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ بووە و ٤٦٪یان لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵ بووە و ٢٧٪ سەرو پەنجا ساڵ بوون.
ناوەندەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەند کەموکوڕییەكی راپرسیەکە لەوانەیە لەگەڵ رێژەی بەشداریکردنی راستەقینە جیاوازی هەبێت و لەوانەش ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکانیان نەداوەتەوە و ئەوانە خۆیان بۆ دەنگدان یەکلایینەکردەوە.
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە ١٨ی حوزەیراندا، هەڵبژاردنی ١٣یەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێوەبچێت و گرنگترین ئاڵنگاریش لەبەردەم سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتەدا، بریتییە لە پرسەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە هەستیارە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەش.
کۆماری ئیسلامی ئێران؛ لە دوای روخانی دەسەڵاتی رەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٨٠دا دامەزراوە، کە سیستمی حکوم لەو وڵاتە لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕا و لەوکاتەشەوە ١٢ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچووە و حەوت کەسیش پۆستی سەرۆککۆماری ئێرانیان لەو ماوەیەدا بەڕێوەبردووە.