سەردێڕ:

بۆ جاری دووەم ئەم وڵاتە ئەنجامدانی فەریزەی حەجی هەڵوەشاندەوە

فۆتۆ: 
2021-06-03

6451 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکان بڵاویانکردەوە، وەزارەتی کاروباری ئایینی ئیندۆنیسیا رایگەیاندووە، لەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدانی فەریزەی حەجی هەڵوەشاندەوە، دەشڵێت، کە تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەیان پێنەگەیشتووە و پشکیان بۆ دیارینەکراوە.


یاقوت خەلیل قوماس وەزیری کاروباری ئایینی ئیندۆنیسیا لەلێداوانیکدا رایگەیاندووە، سعودیە گەشتەکانی فەریزەی حەجی راگرتووە، ئاماژەی بەوەشداوە، نەك تەنیا ئیندۆنیسیا بەڵکو تەواوی وڵاتان بانگهێشتنامەیان پێنەگەیشتووە و پشکیان بۆ دیارینەکراوە و ئەوانەشی پارەی رسوماتی حەجیان داوە، ساڵی داهاتوو گەشتەکە ئەنجام دەدەن.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی سعودیە لەم هەفتەیەدا لیستی ١١ وڵاتی بڵاوکردووەتەوە کە قەدەغەی گەشت نایانگرێتەوە، بەڵام گەشتی حەج بە پابەندبوون بە رێکارە تەندروستیەکان ئەنجامدەدەرێت.                                

پێشتر دەستەی حەج و عەمرەی عێراق رایگەیاند، سعودیە بڕیاریداوە ٦٠ هەزار کەس ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا چەند وڵاتێكی دیارینەکردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەکە.

دەستەی حەج و عەمرە باسی لەوەشکرد، وڵاتی سعودیە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بەمەرجی سەرەکی ئەنجامدانی حەج داناوە و دەستەی حەجیش تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ ئەو مەبەسته.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج راگیراوە، ئەگەرچی سعودییە ساڵی رابردوو رێگەیدا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە رێژەیەکی دیاریکراو و بە گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان هەردوو مەراسیمی حەج و عەمرە ئەنجامبدەن.