سەردێڕ:

ئێران پەنا بۆ بتکۆین دەبات

فۆتۆ: 
2021-06-01

3621 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، نزیکەی ٤.٥%ی کۆی پڕۆسەی کانزاگەری لە دراوی بتکۆین لە وڵاتی ئێران ئەنجام دەدرێت، کە بە هۆیەوە تاران سەدان ملیۆن دۆلاری لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەستدەکەوێت، ئەمەش بەمەبەستی کڕینی هاوردە و کەمکردنەوەی سزاسەپێنراوەکانی سەری سوودیان لێ وەردەگرێت.


بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە کۆمپانیای "بلۆک چەین ئێلیپتیك" ئەنجامیداوە، ساڵانە ئێران نزیکەی یەک ملیار دۆلاری لە کانزاگەری دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەستدەکەوێت، ئەگەرچی تا ئێستا زانیاری و ژمارەی ورد لەو بارەیەوە بەردەستنین.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی وزەی ئێران، نزیکەی ٦٠٠ مێگاوات لە وزەی بەرهەمهاتووی کارەبای ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی کاری کانزاگەری دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەبرێت.

هاوکات، سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە قەدەغەکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوان لە بازاڕی رەشی وڵاتەکەدا کاری پێدەکرێت دەکرێت.

بەرهەمهێنانی بتکۆین و دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە لە رێگەی پڕۆسەیەکەوە ئەنجامدەدرێت، کە پێی دەگوترێت کانزاگەری، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەش ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، پێویستییان بە کۆمپیتەری بەهێز هەیە تا بتوانن بە هۆیەوە هاوکێشە بیرکارییە ئاڵۆزەکان شیکار بکەن، بەمەش بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە کۆمپیتەرانەش پێویستی بە وزەیەکی زۆری  کارەبای هەیە.

بتکۆین Bitcoin  دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.