فۆتۆ:
2021-06-01
1890 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" رایگەیاند، تەلئەبیب توانییویەتی گورزی گورچکبڕ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات.
ماڵپەڕی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، یوسی کۆهین سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە "مۆساد" لە ئاهەنگی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی وەک سەرۆکی دەزگاکە وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند، "دزەمان کردووەتە ناو دڵی دوژمنەکەمانەوە، ئێران، بێ ماندوبوون کارمان کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان و ئاشکرا کردنی نهێنییەکان".
ئەوەشی خستەڕوو، توانیویانە وا لە حکومەتی ئێرانی بکەن متمانەی بەخۆی نەمێنێت و بەگومانبێت لە تواناکانی خۆی.
یوسی کۆهین ئاماژەی بەوەشدا، "دەستمان بەسەر ئەرشیفی ئەتۆمی ئێرانیدا گرتووە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی و نیازی پاراستنی توانا سەربازەکانیان و فێڵ و پلان و درۆکانیانمان بۆ هەموو جیهان ئاشکرا کرد".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەفتەی رابردوودا نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە جێگری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) داڤید بارنیا، دەچێتە شوێنی یوسف کۆهینی بەڕێوبەری دەزگاکە و پۆستی بەڕێوبەری دەزگای مۆسادی هەواڵگری ئیسرائیل دەگرێتە دەست.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری ئیسرائیلە و لە١٣ی ١٢ی ١٩٤٩ەوە دامەزراوە و، نزیکەی (حەوت هەزار کارمەند)یشی هەیە و بودجەی ساڵانەشی ٢.٧٣ ملیار دۆلارە. دەزگایەکی گرنگ و چالاکیی کردە سیخورییەکانی جیهان و ناوچەکەیە.