ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، دادگای دەستوری مالی، هاشمی گویتا، سەرۆکی کودەتاکەی هەفتەی رابردووی وڵاتەکەی بە سەرۆکی وڵات لە قۆناغی راگوزەردا ناساند.
ماڵپەڕی بی بی سی ئاماژەی بەوەشداوە، هاشمی گویتا، هەفتەی رابردوو کۆدەتایەکی بەسەر سەرۆکی وڵاتداکرد و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی دەستگیرکرد، ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای چەند رۆژێك لە کودەتاکە، دادگای دەستوری، گویتای وەکو سەرۆکی وڵات ناساند.
باسی لەوەشکردووە، سەرۆکی مالی سەرۆكی لەسەرکارلادراوی بە تۆمەتی پەکخستنی ئامادەکاری هەڵبژاردن دوورخستەوە و ئاشکراشیکردووە، کابینەی نوێی حکومەت لەچەند رۆژی داهاتوودا رادەگەیەنرێت و هەڵبژاردنیش ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
لەمانگی ئابی ساڵی رابردوودا، بەشێک لە سوپای وڵاتی مالی کودەتایان کردووە و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دەستبەسەر کردووە.
بۆ ئەم کودەتایە، تا ئێستا هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و فەڕەنسا و روسیا کاردانەوەیان هەبووە و بە تایبەت پاریس داوای کشانەوەی سەربازەکان و ئازادکردنی بەرپرسان دەکات.
لەم دواییانەدا وڵاتی مالی تەنگژەی سیاسی و ناکۆکی ناوخۆیی توندی بەخۆیەوە بینی و ئۆپۆزسیۆن داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەکرد و بژاردەکانی نەهێشتنی ناکۆکییەکان و رێککەوتنی رەتدەکردەوە.