حزبی دیموکراسی کوردستان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی ئێران هیچ پرسێکی کورد گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و تەنها پەیوەندی بە پۆستی سەرۆککۆمارییەوە هەیه و ئەو پۆستەش تەنها دەبێت بەدەست شیعەکانەوە بێت.
خالد عەزیزی سکرتێری حزبی دیموکراسی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕتی رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە زۆر بەتەکتیک کراوە بۆ ئەوەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بەژداری تێدا نەکەن.
وتیشی، "ئێمە وەکو حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا هەموو خەڵکێک دەکەین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا نەکەن، چونکە هیچ مافێکی دیموکراسی بۆ گەلی کورد و کۆمەڵانی خەڵک دەستەبەرناکات".
خالد عەزیزی باسی لەوەشکرد، "چاوەڕوانی هیچ خاڵێکی ئەرێنی لەو کاندیدانە ناکەین، چونکە ئەوان تەنها لەلایەن عەلی خامنەئیەوە دەستنیشان دەکرێن و پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و هەر لەسەر هەمان رێچکە و سیاسەت بەردەوام دەبن".
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەبچێت.