سەردێڕ:

هەڵبژاردنەکانی ئێران شڵەژانی سیاسی و ناسەقامگیری لە بەهای تمەندا دروستکردووە

فۆتۆ: 
2021-05-31

5382 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئیقتیساد نیوزی ئێرانی بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر پارێزگاری بانکی ناوەندی وڵاتەکەی تا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید نەکات، چونکە نوێنەرایەتی حکومەت ناکات، بەمەش بەهای تمەن دابەزینی بە خۆیەوە بینی.


ماڵپەڕی ئیقتیساد نیوز بڵاوی کردەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران فشارێکی زۆری خستووتەوە سەر عەبدوناسر هیممەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی وڵاتەکەی تا دەستبەرداری خۆ کاندیدکردنیبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی.

بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، رۆحانی بە هیممەتی راگەیاندووە کە ئەو نوێنەری حکومەت نیە تا خۆی کاندید بکات، ئەگەر دەستبەردارنەبێت لەسەرکار لایدەدات.

هاوکات، لەبەرامبەردا عەبدوناسر هیممەتی بە حەسەن رۆحانی راگەیاندووە، ئەو بەردەوامدەبێت لە خۆکاندید کردن و بابەتی لەسەرکارلابردنیشی بۆ رۆحانی بەجێهێشتووە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی خۆکاندیدکردن و بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرقاڵی کارەکەشی دەبێت و رێگەنادات بانکی ناوەندی وڵات زیانی بەربکەوێت.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لەسەرکارلادانی عەبدوناسر هیممەتی لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە بەهای تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەشێوەیەک پێشتر یەک دۆلار بە ٢٢ هەزار تمەن بووە، بەڵام نرخی یەک دۆلار بۆ ٢٥ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.

ئەمە لەکاتیکدایە، بەهۆی هاوسنوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا، مامڵەی بازرگانی زۆر هەیە لە نێوان هەردوولادا و رۆژانە لە هەرێمەوە ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکرێت و لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دوو ملیحن و ٣٤٨ هەزار تمەنە و جیوازییەکی زۆریش هەیە لە نێوان نرخی تمەن بە سپارچەک و گۆڕینەوەی راستەوخۆی نەختینەیی.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران و هەڕەشەکانی رۆحانی بۆ لەسەر کارلابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی شلەژانی سیاسی و ناسەقامگیری بەهای تمەنی لەو وڵاتەدا لێکەوتووەتەوە.

بڕیارە لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەبچێت.